ئالان حەمەسەعید: لە ئەنجومەنی وەزارەت میکانیزمی قەرەبووکردنەوەی کات و چۆنێتی تاقیکردنەوە وەزاری پۆلی 12 تاوتوێ دەکەین

kurdistan24.net

 K24 – هەولێر

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە تاوتوێی میکانیزمێک دەکەن بۆ قەرەبووکردنەوەی کاتی لە دەستچووی قوتابیانی پۆلی 12 و چۆنێتی بەشداریکردنیان لە تاقیکردنەوە گشتییەکان، راشیگەیاند، ئەوەی پێویست بێت بۆ قوتابیان لە وەزارەت و ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە درێخی تێدا ناکەن.

ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان پرۆسەی خوێندنی وەرزی دووەم بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و وتنەوەی سروودی ئەی رەقیب و رێزگرتن لە گیانی شەهیدانی هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر، دەستیپێکردەوە و لە دوای رێوەڕەسمەکە، ئالان حەمەسەعید لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتییەکانی گشتی پەروەردە لە سلیمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان ساڵنامەیەکی خوێندنیان بڵاوکردووەتەوە، کە تاوەکوو رۆژی پێنجشەممە پرۆسەی خوێندن لە زیاتر لە 750 ناوەند دەستی پێکردووەتەوە.

گوتیشی: ئێمە درک بە دۆخی مامۆستایان دەکەین و سوپاسی خۆڕاگری تەواوی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان دەکەین، ئومێدەوارین پرۆسەی خوێندن لەو سنوورانە بە تەواوی بکەوێتەوە سەر رێچکەی خۆی، چونکە چارەنووسی پرۆسەی خوێندن لەو سنوورانە گرنگە و لەو پێناوەشدا بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن ساڵنامەیەکی خوێندنیان بڵاوکردووەتەوە، کە هەردوو وەرزەکەی خوێندنی تێدایە.

سەبارەت بە قوتابیانی پۆلی 12، وەزیری پەروەردە گوتی: لە ئەنجومەنی وەزارەت میکانیزمێک تاوتوێ دەکەین بۆ ئەوەی نزانین چۆن بتوانین قەرەبووی ئەو قوتابیانە بکەینەوە، هەم لەڕووی کات و هەم بۆ بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەی وەزاری. راشیگەیاند، ئەوەی پێویست بێت بۆ قوتابیان لە وەزارەت و ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە درێخی تێدا ناکرێت.