سلۆڤاکیا: ناهێڵین ئۆکرانیا ببێتە ئەندامی ناتۆ

رۆبێرت فیکۆ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا
رۆبێرت فیکۆ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا

K24 - هەولێر

رۆبێرت فیکۆ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ هاوتا ئۆکراینییەکەی دێنیس شمیگال، کە لە 24ـی 1ـی 2023 لە ئۆژگۆرۆد بەڕێوەدەچێت، رایدەگەیەنێت ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆ قەدەغە دەکات، چونکە ئەمە بە مانای "سەرەتای جەنگی جیهانی سێیەم" دێت.

رۆبێرت فیکۆ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا روونیشیکردەوە، دەزانم بڕیارە لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئۆکرانیا چی بکەم، هەروەها لەگەڵ هاوکارییە مرۆییەکان دەگونجێم، گوتیشی: پشتڕاستی دەکەینەوە کە ئۆکرانیا هیچ چەکێک لە سوپای سلۆڤاکیا و لە کۆگاکانی دەوڵەتەوە وەرناگرێت، من دەڵێم: کە شتگەلێک لە بۆچوونەکانماندا هەیە کە تەواو جیاوازن، سەبارەت بە پەیوەستبوونیان بە یەکێتی ئەوروپا، ئێمە رێز لەوە دەگرین، بەڵام دەبێت مەرجەکان جێبەجێ بکەن، وە دەڵێم: من دژی ئەندامێتی ئۆکرانیام لە ناتۆ، هەروەها من ڤیتۆی خۆم بەکاردەهێنم و رێگری لێدەکەم، چونکە دەبێتە سەرەتای جەنگی جیهانی سێیەم.

فیکۆ ئاماژەی بەوەدا کە ئەو کۆبوونەوەیەی کە بڕیارە لە 24ـی ئەم مانگە لە ئۆژگۆرۆد بەڕێوەبچێت، سەرنجڕاکێش دەبێت و لایەنی ئۆکرانی نایەوێت کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەسەر دەرئەنجامی کۆبوونەوەکە ئەنجام بدات.

پێشتر حکومەتی سلۆڤاکیا بڕیاریدا گرنگی بە هاوکارییە مرۆییەکان بدات و چەک بۆ ئۆکرانیا نەنێرێت و کابینەی حکومەتی سلۆڤاکیاش بە سەرۆکایەتی فیکۆ رازی نەبوو بەو پێشنیازەی حکومەتی پێشوو کە تایبەت بوو بە ناردنی پاکێجێکی تری هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکرانیا بە بڕی 40.3 ملیۆن یۆرۆ.

ئەم پاکێجەی هاوکارییە سەربازییە بڕیار بوو لە سەرەتای شەڕی ئۆکرانیا 14هەمین پاکێج بێت لە سلۆڤاکیا، کە تاوەکو ئێستا چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی بە بەهای 671 ملیۆن یۆرۆ بۆ کیێڤ ناردووە.

ڕۆبێرت فیکۆ سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا پێشتر دژایەتی گواستنەوەی هاوکارییە داراییە گەورەکان لە یەکێتی ئەوروپا بۆ ئۆکرانیای رایگەیاندبوو، گوتیشی: تەرخانکردنی 50 ملیار یۆرۆ بۆ ئۆکرانیا نابێتە بەدەست هێنانی ئەو ئەنجامەی کە کیێڤ ئارەزووی دەکات، بەڵکو بەهێزکردنی هەڵوێستی دانوستانکاری رووسیا و زیانەکانی سەربازی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

فیکۆ ئاماژەی بەوەشکرد، چی روودەدات ئەگەر 50 ملیار یۆرۆ بدەین بە ئۆکرانیا، پێداچوونەوە بە بودجەی یەکێتی ئەوروپادا بکەین و زۆر زیاتر لە هەندێک لە ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا بدەین بە ئۆکرانیا، هەروەها 50 ملیار یۆرۆ وەکو هاوکاری، ئەمەش دەبێتە هۆی سەدان زیانی سەربازی لە هەردوولا و رووسەکان. ​