وەزیری دەرەوەی فەرەنسا: رووسیا دەتوانێت لە سەدا 30 هەناردەی دانەوێڵەی جیهان کۆنتڕۆڵ بکات

گەنم
گەنم

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، ئەگەر ئۆکرانیا شکستی هێنا، رووسیا دەتوانێت 30%ی هەناردەی دانەوێڵەی جیهانی کۆنترۆڵ بکات.

ستیفان سیگۆرنێ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە رۆژنامەی "لۆ پاریسیان"ـی گوت: "ئەگەر ئۆکرانیا شکست بهێنێت، 30%ـی هەناردەی گەنمی جیهانی لەژێر کۆنترۆڵی رووسیادا دەبێت، هەروەها دانەوێڵەی فەرەنسا لە بازاڕە جیهانییەکان تووشی مەترسی دەبێت و هەڵاوسان دروست دەبێت"، رەنگە قەیرانی خۆراکیش دروست بێت.

بە گوتەی سیگۆرنی، "پێویستە پاڵپشتی ئۆکرانیا بکرێت بۆ ئەوەی ململانێکان درێژ نەبێتەوە".

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتیشی: ئەم هاوکارییە بۆ ڤلادیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیە گرنگە، چونکە پێویستی بەوەیە نیشانی رای گشتی بدات کە هێشتا پشتیوانی هەیە.