فڕۆکەیەک لە ئەفغانستان کەوتە خوارەوە

وێنەی رووداوەکە
وێنەی رووداوەکە

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرپرسێکی ویلایەتی بەدەخشان رایگەیاند، فڕۆکەیەک لە ناوچەیەکی شاخاویی باکووری رۆژهەڵاتی ئەفغانستان کەوتە خوارەوە، بەبێ ئەوەی روونکردنەوەی زیاتر بخاتە روو.

زەبیحوڵڵا ئەمیری، بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی ویلایەتەکە گوتی، "فڕۆکەیەک کەوتە خوارەوە، بەڵام هێشتا شوێنی دیاری نەکراوە."

ئەمیری لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، "خەڵکی گوندەکان ئاگاداریان کردینەوە" کە رووداوەکە لە ویلایەتی هاوسنووری تاجیکستان و چین و پاکستان روویداوە و دەشڵێت: "تیمێکمان رەوانەی شوێنەکە کردووە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوون".

دەشڵێت: ناوچەی رووداوەکە نزیکەی هەشت کاتژمێر بە رێگا لە فایز ئابادی پایتەختی ویلایەتەکەوە دوورە. جەختیشی لەوە کردەوە "هیچ وردەکارییەکمان نییە"، بەڵام هیوادارین لە ماوەی دوو یان سێ کاتژمێردا زانیاریمان بەدەست بگات.

لەلەیاەکی دیکەوە، ئاژانسی گواستنەوەی ئاسمانی رووسیا رایگەیاند، فڕۆکەیەکی جۆری "فالکۆن 10"ـی سەر بە گروپی "ئەتلەتیک گروپ" لە رادارەکانی ئەفغانستان ونبووە، گوتیشی، شەش کەس لەناو فڕۆکەکەدا بووە کە چواریان لە تیمی فڕۆکەکەک بوون.

جەختیکردەوە، فڕۆکەکە لە گەشتێکی پزیشکیی بووە لە شاری تەشقەندی ئۆزباکستان بەرەو مۆسکۆ دەڕۆیشت.