پەروێز رەحیم: ئێران لە رێگەی هێرشەکانەوە گوشاردەخاتە سەر ئەمەریکا

K24 - هەولیر

پسپۆڕێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: ئێران دەیەوێت لە رێگەی هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان گوشار بخاتە سەر ئەمەریکا، بۆ ئەوەی شەڕی ئیسرائیل و فەڵەستین رابگرێت.

د. پەروێز رەحیم، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 گوتی: "کۆماری ئیسلامی ئێران تووشی گووشارێکی ئێجگار زۆر بووە لە دوای ئەو هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو لەنێوان ئیسرائیل و حەماس، چاوەڕێی ئەوەی نەدەکرد کە کاردانەوەی ئەمەریکا و ئیسرائیل بەم شێوازە بێت، هەروەها لە ئاستی ناوخۆی تووشی گوشاری لایەنگران و لایەنەکانی دیکە بووە، چونکە ساڵێک لەمەوبەر شۆڕشێکی بەرفراوان سەریهەڵدا لەلایەن بزووتنەوەیەکی ناڕازی لە ئێران سەریهەڵدا دەریخست کە لە ئاستی ناوخۆیش دەسەڵاتی لاوازە".

گوتیشی: "بەرەی مقاوەمەوە چاوەڕوانیان دەکرد کۆماری ئیسلامی وەڵامێکی توندی هەبێت، بەڵام وەڵامەکە نەبوو، لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان شتێکمان هەیە، بەناوی زۆنی خۆڵەمێشی، ئەوانەی کە نایانەوێ بچنە ناو شەڕەوە کۆماری ئیسلامی ئێران دەزانێت، لە گوتەکانی بەرپرسانی ئێرانی دەرکەوتووە، کە ئەمەریکا ترسی ئەوەیەی هەیە تێکەڵی شەڕ بێت لە ئێستادا، ئێمەش باجی ئەوە دەدەین کە ئێمە نەچووینەتە بەرەی مقاوەمە لە ناوچەکەدا".

راشیگەیاند: "لەلایەکی دیکەشەوە هەرێمی کوردستان باجی پاڵپشتی ئەمەریکا و هاوپەیمانان دەدات، چونکە ئێران ئەگەر هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل لەلایەن خودی ئیسرائیلەوە دەکرێتە ئامانج، ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەش وەڵامیان دەبێت بۆی، کۆماری ئیسلامی ئەم لێکدانەوەی کردووە، بەڵام ئەم هێرشە زۆر بە نەرێنی بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران شکایەوە کە ئەم هێرشەی کردووەتە سەر شوێنێکی سڤیل نشین".

د. پەروێز رەحیم، دەشڵێت: "کۆماری ئیسلامی ئێران دڵنیایە لەوەی کە جۆو بایدن تا ئێستا وەڵامی ناداتەوە، چونکە لە ئێستادا بایدن دەچێتە هەڵبژاردنەوە، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر باش تیمەکەی بایدن و ئۆباما دەناسن، ئەم هێرشانە ئێران بۆ ئەوە دەکات کە ئەمەریکا گووشار لەسەر ئیسرائیل بکات".

ئاماژەی بەوەشدا: "ئیدارەی بایدن دەزانێت سەربازێکی ئەمەریکی بکوژرێت، لە ئاستی ناوخۆ و ئیدارەکەش قبوڵی ناکەن، ئەمەش جگە لەوەی لە هەڵبژاردنەکان تووشی شکست دەبێت".

کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.