وادەی فۆڕمی خاوەن پێداویستی تایبەت درێژکرایەوە

کارو کاروباری کۆمەڵایەتی
کارو کاروباری کۆمەڵایەتی

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی ناو دیوانی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی هەولێر رایگەیاند، درێژکردنەوەی وادەی فۆڕمی خاوەن پێداویستی تایبەت بۆ هاوکاریی ئەو خاوەن پێداویستییانەیە کە بە هەر هۆکارێک بێت نەیانتوانیوە لەو ماوەیەدا فۆڕمەکە پڕبکەنەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی2024، هەوراز عەبدولقادر، بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی ناو دیوانی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، وادەی فۆڕمی خاوەن پێداویستی تایبەت بۆ ماوەی هەفتەیەک درێژکراوەتەوە، ئەمیش بۆ هاوکاریی ئەو خاوەن پێداویستییانەیە کە بە هەر هۆکارێک بێت نەیانتوانیوە لەو ماوەیەدا فۆڕمەکە پڕبکەنەوە یان هەندێک لە هاووڵاتییان نەیانزانیووە کە فۆڕم دابەشکراوە و دەبێت پڕ بکرێتەوە.

ئەو گوتی: "ئەم فۆڕمە بۆ دڵنیابوونەوەیە لە ژیان مانەوە لە لایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە بە خاوەن پێداویستی تایبەت پڕدەکرێتەوە تا دڵنیابن لەوەی ئەو خاوەن پێداوسیتییە مووچە وەردەگرێت لە ژیاندا ماوە یان نا، هەروەها ئەمساڵ پڕۆسەکە ئاسانتر کراوە و گرنگە خاوەن پێداویستی فۆڕمەکە پڕبکەنەوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە لە ژیاندایە و مافی ئەوەی هەیە مووچەکەی وەربگرێت.

هەوراز عەبدولقادر، بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی ناو دیوان راشیگەیاند، لە شاری هەولێر نزیکەی شەش هەزار خاوەن پێداوسیتی تایبەت فۆڕمەکەی پڕنەکردووەتەوە، بەکۆی گشتی 85% خاوەن پێداوسیتی فۆرمەکەیان پڕکردووەتەوە، تەنیا 15% فۆڕمیان پڕنەکردووەتەوە.