بەختیار تاڵەبانی: مووشەکبارانکردنی هەولێر راگەیاندنی جەنگە بەرامبەر هەرێمی کوردستان

بەختیار تاڵەبانی
بەختیار تاڵەبانی

K24-هەولێر:

شرۆڤەکارێکی سیاسی کورد پێی وایە، مووشەکبارانکردنی هەولێر بە مووشەکی بالیستی، راگەیاندنی جەنگە بەرامبەر هەرێمی کوردستان، بە تەنها لەبەر ئەوەی نەچۆتە ژێر هەژموون و دەسەڵاتی ئێران.

ئەمڕۆ یەکشەممە(21ی کانوونی دوەەمی 2024)، بەختیار تاڵەبانی شرۆڤەکاری سیاسی لەبارەی هێرشە بێپاساوەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆ سەر هەولێر بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هێرشەی ئێران بە مووشەکی بالیستی کردیە سەر هەولێر، راگەیاندنی جەنگە، لەبارەی هەڵوێستی حکومەتی عێراقیش لەسەر ئەو هێرشە، ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە پێی وایە، هەڵوێستی حکومەتی عێراقی ئەرێنی بووە، لەگەڵ ئەوەی حکومەتەکە لەدایک بووی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە کە بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئێران پشتیوانی دەکات.

دەشڵێت: کە سەرۆکوەزیرانی عێراق  ئیدانەی هێرشە بێپاساوەکانی ئێران دەکات و تۆمەتەکانی بەدرۆ دەخاتەوە، نوێنەرایەتی چوارچێوەی هاوئاهەنگیش دەکات، ئاماژە بەوە دەکات، ئەوان(چوارچێوەی هاوئاهەنگی) بێدەنگ بوونیان لەو هێرشەی ئێران کردیە سەر هەولێر، نیشانەی رازی بوونیانە، ناتوانرێت داوایان لێبکرێت لە کوردێک کوردتر بن، ئەوان خاوەنی ئیرادە و ستراتیژیەتی خۆیان نین، لەژێر دەسەڵات و هەژموونی ئێرانن، هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر ئەو وڵاتەی کە پشتیوانیان دەکات، زەحمەتە.

لەبارەی هوڵوێستەکانی حکومەتی عێراق لە هەمبەر هێرشەکانی ئێران، بەختیار تاڵەبانی پێی وابوو، یەکەمجارە حکومەتی عێراقی هەڵوێستێکی لەو شێوەیە بەرامبەر بە ئێران دەرببڕێت، گوتی:  سەرۆکوەزیرانی عیراق کە نوێنەری تایبەتی خۆی ناردۆتە شوێنی رووداوەکە و، لە داڤۆس دیداری وەزیری دەرەوەی ئێرانی رەتکردەوە، هەموو ئەوانە هەڵوێستی توندی عێراق بوو بەرامبەر بە ئێران،  دەڵێت: کارەکتەرە سیاسییەکانی ئەمڕۆی عێراق کەوتوونەتە ژێر هەژموونی ئێران و ناتوانن لەژێر ئەو هەژموونە بێنە دەرەوە، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوان عێراقیین پێیان خۆش نییە هەر لە ژێر هەژموونی ئێراندا بمێننەوە، بۆیە هەندێجار هەڵوێستی خۆیان نیشاندەدەن لەبەرامبەر پێشێلکارییەکانی ئێران، زۆر جاریش بە کردەوەکانی ئێران دڵگرانن، بەڵام ناتوانن دەری ببڕن.

بەختیار تاڵەبانی تیشکی خستە سەر تواناکانی عیراق و دەڵێت: عێراق ناتوانێت بەردێک هەڵبگرێت لەخۆی قورستر بێت، ئێران خۆی ئاماژە بەوە دەکات کە خاوەنی چوار پایتەختە لە ناوچەکە، لە بەیروت وبەغدا و، دیمەشق و سەنعا، پێی قەبوڵ ناکرێ پایتەختێک هەبێت لەنێو ئەو پایتەختانە کە هەولێرە، نەکەوتۆتە ژێر هەژموونی ئێران، لەگەڵ ئەوەی هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک سیاسەتی هاودژ نەبووە لەگەڵ ئێراندا، دەڵێت: لەگەڵ ئەوانەشدا، سەرۆک بارزانی ئاماژە بەوە دەکات، کە ئیرادەمان تەسلیم بە کەس ناکەین، ئیرادەمان پەیوەستە بە خاک و نیشتیمان، وەک بارزانی دەڵێت: دەمانکوژن، ئەنفالمان دەکەن، کیمیابارانمان دەکەن، بەڵام دواجار ئێمە خاوەنی ئیرادەین و ئیرادەی خۆمان تەسلیم ناکەین، دەڵیت: کەسایەتییە سیاسییەکانیان ئاماژە بەوە دەکەن، تەواوی عێراق  جگەلە هەولێر و دهۆک، لەژێر هەژموون و دەسەڵاتی ئێرانە، دەیانەوێت لە موسڵ و شنگال و ناوچەکانی دیکەش هەژموونیان هەبێت.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە تێڕوانینی بەشێک لە لایەنگرانی ئێرانی ئاشکرای کرد و گوتی:  عێراق بۆتە چەند پارچەیەک، پارچەیەک بڕیاریداوە باوەڕ بە هەرێمی کوردستان و فیدراڵییەت و دەستوور نەکات کە ناویان لەخۆیان ناوە موقاوەمە، لایەنێکی دیکە حکومەت و دەسەڵاتە، لایەنی سێیەم  وەکو وڵاتێکی عەرەبی، پێی ناخۆشە پێشێلی سەروەری کراوە لە هەولێر، نەوەک لەبەر خاتری کورد، لایەنی یەکەم هەڵوێستی هاوجووتە لەگەڵ هەڵوێستی ئێران، کە لە ماڵی شێخ بازیشیان دا، گوتیان لە بارەگای مۆسادیان داوە لە هەولێر، وێنەی هونەرمەندێکی میسریان بڵاو کردەوە کە مۆساد بووە و لە هەولێر کوشتویانە، بەڵام هونەرمەندەکە ئابڕووی بردن و بەدرۆی خستنەوە.