دەزگای خێرخوازی بارزانی هاوکاری دەگەیەنێتە عەفرین

عەفرین
عەفرین

K24 – عەفرین:

ئەندامی دەستەی کارگێڕی دەزگای خێرخوازی بارزانی رایدەگەیەنێت، دەزگای خێرخوازی بارزانی هاوکارییەکانی گەیاندە خەڵکی عەفرین و بەڵێنێ تەواویان پێداون کە هەمیشە لەگەڵ خەڵکی عەفرین دەبن و هەموو پێداویستییەکیشیان بۆ دابین دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە (21ـی کانوونی دووەمی 2024) رەواج حاجی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی دەزگای خێرخوازی بارزانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێمە بەڵێنمان بە خەڵکی عەفرین داوە کە بەردەوام لەگەڵیان و بین و خزمەتگوزارییان پێشکەش بکەین، لە گوندەکانی سنووری عەفرین لەهەر گودنێك ئەمبوڵانسێك داندراوە کە وەک نەخۆشخانەیەکی گەڕۆک بەکار دەهێندرێت بۆ ئەوەی خزمەت پێشکەش بە هاووڵاتییان بکەن.

ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕی دەزگای خێرخوازی بارزانی، ئاماژەی بەوەدا، هەوڵدەدەن گرووپی خۆبەخش کە خۆی دەبینێتەوە لە دکتۆری بیانی و کوردی بهێنن و سەردانی گوندەکانی عەفرین بکەن بۆ ئەوەی چارەسەری پێویست بۆ هاووڵاتییان بکەن، هەروەها لە سێکتەری پەروەردەش هەوڵدەدەین یارمەتی تەواوی قوتابیانیان بدەین و پیداویستییەکانی خوێندنیان بۆ دابین بکەین.

هەروەها رۆژی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) ئیسماعیل عەبدولعەزیز، ئەندامی دەستەی کارگێڕی دەزگای خێرخوازی بارزانی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، دەزگای خێرخوازی بارزانی لە یەکەم رۆژی زەمینلەرزەکە کە لە رۆژئاوای کوردستان روویدا، تیمەکانی بۆ رۆژئاوا بە تایبەت بۆ عەفرین ناردەە، لەم دەزگایە لەم رۆژییەوە بەردەوام لەگەڵ خەڵکی عەفرین بووە و هاوکاری بۆ ناردوون.

ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕی دەزگای خێرخوازی بارزانی، هاوکات راشیگەیاند، ئەمە بۆ جاری شەشەمە تیمەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی سەردانی عەفرین دەکەن و هاوکارییان پێشکەش دەکەن.

ئیسماعیل عەبدولعەزیز، ئاماژەی بەوەدا، ئەم هاوکارییانە لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی بۆردی دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆ عەفرین دەنێردرێن.

باسی لەوەشکرد، لە شاری عەفرین سەنتەری بارزانیمان دامەزراندووە، کە سەنتەرێکی رۆشنبیرییە و شەش مانگە کاری خۆی دەکات، هاوکاری ئەم خەڵکانە دەکات کە پێویستیان بە هاوکاری هەیە، هەروەها ئەو منداڵانەی کە لە عەفرینن ناونووس کراون وەک بەشێک لە پڕۆژەی ئازیزانی دەزگای خێرخوازی بارزانی، مانگانە بە بەردەوامی هاوکارییان پێشکەش دەکرێت.