داڤۆس 2024 کۆتاییهات: ئەمەش ‎ئەنجامەکەی بۆ هەرێمی کوردستان

Kurd24

‎هێمن لهۆنی، بەرپرسی ئۆفیسی دەستپێشخەریی و پەیوەندیییەکان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆتاییهاتنی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی (داڤۆس 2024) و بەشداری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەژێر ناونیشانی "داڤۆس 2024 کۆتاییهات: ئەمەش ‎ئەنجامەکەی بۆ هەرێمی کوردستان" دەنووسێت:

یەکەم: بەڕێز سەرۆکوەزیران کۆنسێپتی بەشداریکردنی هەرێمی کوردستانی لە داڤۆس گۆڕی، بەشێوەیەک کە تەنیا دیدارەکان سیاسی نەبن، لەکاتێکدا کۆڕبەندەکە ئابوورییە. بۆیە ئەمساڵ زیاتر لە 10 وەبەرهێنەر و سەرمایەداری گەورەی کورد لە شارە جیاوازەکان بەشێک بوون لە بەشداربووان.

دووەم: ماڵی کوردستان لە داڤۆس دروستکرا لەپاڵ وڵاتانی دیکە و بووە وێستگەیەکی گرنگ بۆ کۆمپانیاکانی کوردستان و کۆمپانیا گەورەکانی جیهان بۆئەوەی گفتوگۆی بازرگانی و بوونیادنان بکەن.

سێیەم: ماڵی کوردستان لە داڤۆس بووە سەکۆیەک بۆ پشتیوانیی لە وەبەرهێنان لە کوردستان و پێشاندانی دەرفەتەکان و هەروەها ئاشناکردنی سەرمایەدارانی بیانی بە کوردستان.

چوارەم: ماڵی کوردستان لە داڤۆس نوێنەرایەتی عێراقیشی دەکرد، چونکە بەشداریکردنی عێراق لە داڤۆس کەمێک تازەیە و ڕەنگە ساڵی داهاتوو وەک ئێمە بکەن.

پێنجەم: لەمەودوا سەرمایەدارانی کوردستان بەشێک دەبن لە بڕیاردەرانی سیاسەتی ئابووری لە کوردستان و سیاسییەکان لەجیاتی ئەوان بڕیار نادەن.

شەشەم: خۆشبەختانە چوار گرێبەست و لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا جیهانییەکان کراوە، کە تەنیا یەکێکیان دەبێتە هۆی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ 1500 گەنجی کوردستان.

حەوتەم: لەگەڵ قەتەر نزیکبوونەوەی باش کراوە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە داڤۆس رێککەوتوون کە بەم نزیکانە شاندێکی وەبەرهێنەرانی قەتەر بێنە هەولێر.

هەشتەم: لەگەڵ ئاژانسی وەبەرهێنانی قەتەریش لە ماڵی کوردستان رێککەوتنی سەرەتایی کراوە بۆ پرۆژەیەکی گەورەی وەبەرهێنان، کە کاریگەری زۆر گەورەی دەبێ بۆ کوردستان و عێراق.

نۆیەم: لەگەڵ وەزیری ئابووریی عومان لێکتێگەیشتن کراوە بۆ دەستکردن بە دروستکردنی ئەنجوومەنێکی هاوبەش بۆ پیاوانی کاری هەردوولا.

دەیەم: ئەمساڵ دەرفەتێکی گەورەبوو کە جەنابی سەرۆکوەزیران راستەوخۆ سەرکردەکانی جیهان لە تاوانی هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر ئاگاداربکاتەوە و هەڵوێستی تووند بنوێنن.

یانزەیەم: ساڵی داهاتوو باشتر بەشدار دەبین و هیچ هێرشێک نامانوەستێنێ لە پشتیوانیی ئاوەدانیی کوردستان و پێشکەوتن.

‎نەیاران دەبێ بزانن ئەو رۆژەی سەرمایەدارێکیان کردینە ئامانج و شەهیدیان کرد، هەر ئەو رۆژە دەیان سەرمایەداری کورد خەریکی پلانی بەرەوپێشبردنی کوردستان بوون لە ماڵی خۆیان لە گەورەترین کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس.