ئومێد خۆشناو: رێگای کاتیی دەربەندی گۆمەسپان لە 48 کاتژمێری داهاتوودا تەواو دەبێت

دەربەندی گۆمەسپان
دەربەندی گۆمەسپان

K24-هەولێر:

پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، لە 48 کاتژمێری داهاتوو رێگای کاتیی دەربەندی گۆمەسپان تەواو دەبێت و بۆ هاتوچۆ بەکاردێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە(21ی کانوونی دووەمی 2024)، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە پەڕەی فەرمی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردۆتەوە، ئەو ڕێگایەی ئێستا هەیە لە دەربەندی گۆمەسپان  کە لە ماوەی چەند ڕۆژی رابردوودا بەهۆی بارینی ڕێژەیەکی زۆری باران و کۆبوونەوەی ئاوی بەنداوی دەربەندی گۆمەسپان، كەوتبووە ژێر ئاو، ئێستا ئاستی ئاوەکەی دابەزیوە و هاتوچۆ تێیدا ئاسایی بۆتەوە، دەشڵێت: لە 48 کاتژمێری داهاتوودا رێگایەکی دیکەی نوێی دەربەندی گومەسپان تەواو دەبێت بۆ هاتوچۆکردنی هاووڵاتییان.

پارێزگاری هەولێر ئاشکرای کردووە، ئێستا ڕێگایەکی كاتی لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەی دروستکردنی دەربەندی گۆمەسپان دروستدەكرێت کە بڕیارە لە 48 کاتژمێری داهاتوو كارەكانی تەواو بێت و بۆ هاتوچۆ بەكاربێت، بڕیاریشە تا ساڵێكی دیکە، ڕێگایەکی دیکەی سەرەكی بە درێژیی 3 كیلۆمەتر لە ڕێی ئێستای بەنداوەكە و دوورتر دروستبكرێت، لەبەر ئەوەی ئەو ڕێگا كۆنەی کە ئێستا هەیە دەكەوێتە ژێر ئاو و، چیتر هاتووچۆی لێناکرێت.

بەنداوی گۆمەسپان گەورەترین بەنداوە لە سنووری پارێزگای هەولێر و، سێیەمینە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، لە دوای هەردوو بەنداوی دووكان و دەربەندیخان لە سنووری پارێزگای سلێمانی دێت، لە ئێستادا لە 60 بۆ 65%ـی كارەكانی تەواو بووە، تێچووی پڕۆژەكە 95 ملیار دینارە و بەرزییەكەی 70 مەتر و درێژییەكەی 512 مەترە، توانای گلدانەوە و ئەمباركردنی 115 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی بارانی هەیە ،رووبەرەكەی شەش ملیۆن و 125 هەزار مەتر سێجایە، بە تەواوبوونی رۆڵێكی گرنگی لە پاراستنی سامانی ئاو و رووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی دەبێت، دەشبێتە سەرچاوەیەكی گرنگی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هەولێر و كەرتی گەشتیاریش لە هەرێم زیاتر دەبووژێنێتەوە.