مالیكی و رۆمانۆوسكی جه‌خت له پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه دۆستایه‌تییه‌كانی نێوان به‌غدا و واشنتن ده‌كه‌نه‌وه
K24- هه‌ولێر:
سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا و باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، جه‌خت له گرنگی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه دۆستایه‌تییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و عێراق ده‌كه‌نه‌وه.
نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه 21ـی كانوونی دووه‌می 2024) راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه، تێیدا هاتووه، نووری مالیكی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا و ئه‌لینا رۆمانۆوسكی باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، له‌باره‌ی داهاتووی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و واشنتن و هاریكارییه‌كانی نێوانییان كۆبوونه‌وه.
وێڕای تیشكخستنه‌سه‌ر ئاڵۆزییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جه‌نگی غه‌ززه و پێداگیری به‌غدا به كۆتاییهێنانی به‌و جه‌نگه، مالیكی جه‌ختی له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی رێڕه‌وه مرۆییه‌كانی غه‌ززه به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی هاوكارییه‌كان كرده‌وه.
سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا دووپاتی گرنگی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و هاریكارییه‌كانی نێوان به‌غدا و واشنتن له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوو گه‌لی ئه‌مه‌ریكا و عێراق كرده‌وه.
هه‌روه‌ها مالیكی له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ رۆمانۆوسكی ئاماژه‌ی به گرنگی كۆتاییهێنان به ئاڵۆزییه‌كانی فه‌ڵه‌ستین، لوبنان، ده‌ریای سوور، سووریا و عێراق كرده‌وه.
له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی بۆ پاڵپشتی له سه‌قامگیری عێراق نیشاندا.