میدیا عەرەبییەکان: کاردانەوەی هێرشەکەی هەولێر لە شەقامی کوردستان و عێراق بۆ ئێران چاوەڕواننەکراو بوو

کاردانەوەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە میدیا عەرەبییەکان - گرافیک: کوردستان24
کاردانەوەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە میدیا عەرەبییەکان - گرافیک: کوردستان24

K24 – هەولێر:

دوای هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کە بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی سیڤیل، میدیا عەرەبییەکان بە گرنگییەوە باس لە ئیدانەکردن و کاردانەوەکانی ئەو هێرشە دەکەن لەسەر ئاستی جەماوەری و حکومی لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

ماڵپەڕی (سکانی نیوزی عەرەبی) لە راپۆرتێکدا لەبارەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر، ئاماژەی بەوەکردووە: "عێراق گێڕانەوەکانی ئێران بۆ پاساوهێنانەوە بۆ هێرشەکەی سەر هەولێر بە درۆ دەخاتەوە" و لەسەر زاری بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و لیژنەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لە رووداوەکە ئاماژە بەوە دەکات، بەشێوەیەکی مەیدانی سەردانی شوێنی رووداوەکەمان کردووە و هیچ بنکەیەکی مۆسادی ئیسرائیلی نەبووە بەڵکو شوێنی نیشتەجێبوون بووە.

هەروەها ماڵپەڕی (الجزيرة نت) لەبارەی هێرشەکەوە ئاماژەی بەوەکردووە: "عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایش سکاڵا لە ئێران دەکات" و ئاماژەی بەوەکردووە، بەغدا هێرشەکەی سوپای پاسداران بە پێشێلکردنی سەروەری و یاسا نێودەوڵەتییەکان وەسف دەکات و پاساوەکانی تارانیش بۆ بوونی بنکەی ئیسرائیلی لە هەرێمی کوردستان رەتدەکاتەوە.

رۆژنامەی (العرب)ـیش لە راپۆرتێکدا باسی لەوەکردووە، هەرچەندە لەسەر ئاستی فەرمی حکومەتی عێراق بە توندی ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێرانی بۆ سەر هەولێر کرد، بەڵام لایەنەکانی چوارچێوەی هەمامەنگی بۆ ئیدانەکردنی ئەو هێرشانە لە ئیحراجییەکی زۆر بوونەتەوە و تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی راستەوخۆ هیچ راگەیەندراوێکیان بۆ ئیدانەکردنی ئەو هێرشانە نەبووە، لە کاتێکدا پێشتر هەڵوێستی توندیان بەرامبەر هێرش و بۆردومانەکانی سوپای تورکیا هەبووە.

ماڵپەڕی (بی بی سی عەرەبی)ـش بە گرنگییەوە باسی لە رووداوی هێرشەکەی ئێران و کاردانەوەکان کردووە و لە بەشێکدا بەناوی "وەڵامدانەوەیەکی بەهێز لەبارەی بۆردومانکردنی هەولێر"، ئاماژە بە رەتکردنەوەی دیداری حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شارەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.

لەلایەن خۆشیەوە، رۆژنامەی (العربي الجدید) بەدواداچوونێکی رۆژنامەوانی بۆ پرسی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر کردووە و ئاشکرای کردووە، ئێران چاوەڕوانی ئەو ئیدانەکردنە جەماوەری و کاردانەوە توندە نەبووە، بۆیە لە بەغدا هەوڵە دیپلۆماسییەکانی دەستپێکردووە بۆ تێپەڕاندنی ئەو فشارانەی لەسەر تاران دروستبووە.

رۆژنامەکە باسی لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی باڵیۆزی ئێران لە عێراق کردووە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراق کردووە و رایگەیاندووە، لە رۆژانی داهاتووش کەسایەتی سیاسی و سەربازی دیکەی ئێرانیش سەردانی بەغدا دەکەن بۆ گفتوگۆکردن بە ئاراستەی هێورکردنەوەی دۆخەکە، دوای ئەوەی توڕەییەکی زۆر لە شەقامی هەرێمی کوردستان و عێراق دروستبووە بۆ پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەیان.

ماڵپەڕەکانی (الحدث) و (العربية) لە شەوی هێرشەکەی سەر هەولێرەوە، بەدواداچوونیان بۆ رووداوەکە کردووە و بانگهێشتکردنی باڵیۆزی ئێران لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە بۆ پیڕاگەیاندنی فەرمی لەبارەی ئیدانەکردن و ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرامبەر هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر وەک یەکێک لە هەڵوێستە توندەکانی حکومەتی عێراق بەرامبەر ئێران باسکراوە و راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش بۆ رەتکردنەوەی پاساوەکانی تاران بۆ بەئامانجگرتنی بنکەیەکی مۆسادی ئیسرائیلی لە هەرێمی کوردستان، جێگەی سەرنجی ئەو دوو ماڵپەڕە بووە وەک یەکێک لە کاردانەوەکان.

رۆژنامەی (الشرق الاوسط)ـیش لەبارەی بێ هەڵوێستی لە ئیدانەکردنی هێرشەکانی سەر هەولێر ئاماژەی بەوەکردووە، سەرکردە شیعییەکان لەگەڵ ئەوەدانین کە ئێران هێرشی مووشەکی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجام بدات و باسی لەوەشکردووە، تاران دەیەوێت فشارەکانی ئەمەریکا بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن بە کردنەوەی بەرەی دیکە کەمتر بکاتەوە و ئاڵۆزییەکانی دەریای سوور بگوازێتەوە بۆ نزیک سنوورەکانی خۆی.

ماڵپەڕی (الحرة) لەبارەی سکاڵای عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر هێرشەکانی ئێران سەرنجی بۆ ئەوە راکێشاوە کە یەکەمجارە ناڕەزایەتی بەغدا بەرامبەر تاران لە ماوەی رابردوو بگاتە ئەو ئاستە و بە پەرەسەندنێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی داناوە، جەخت لەوەشکراوە، دووبارەبوونەوەی هێرشەکانی ئێران و رێزنەگرتن لە سەروەری ئەو وڵاتە وایکردووە، ناڕەزایەتییەکان ببنە فشارێکی زۆر لەسەر حکومەتی عێراق بۆیە ناچارە رێکار و هەڵوێستی جیاوازتر بەرامبەر ئێران بگرێتەبەر.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) بە مووشەکی بالیستی هێرش کرایە سەر هەولێر و هاووڵاتییانی سڤیلی کردە ئامانج، لە ئەنجامدا چوار هاووڵاتی شەهید بوون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون کە یەکێک لە شەهیدەکان منداڵێکی ساوای شیرەخۆرەیە.

دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیاریەتی هێرشەکە لە ئەستۆ گرت و پاساوەی ئەو تاوانەشی بۆ بە ئامانجگرتنی بارەگای مۆسادی ئیسرائیلی گەڕاندەوە، کە هەر زوو ئەم تۆمەتەش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رەتکرایەوە و دوای سەردانیکردنی شوێنی هێرشەکە و برینداران، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، کە سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراقە لە هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنییە و بوونی بنکەی سیخوڕی ئیسرائیلی نەبووە".

کاردانەوەکانی ئەم هێرشە لەسەر ئاستی نێوخۆی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و چین و توێژە جیاوازەکانەوە ئیدانە کرا و هێرشەکەی ئێران بە تاوانێکی بێ پاساو و بێ بنەما وەسفکرا، تەنانەت لەسەر ئاستی جەماوەری داوای بایکۆتکردنی کڕینی کاڵای ئێرانی و پچڕاندنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە کرا.

سەرۆک بارزانی لە پەیامی ئیدانەکردنی ئەو هێرشانە ئاماژەی بەوەکرد: "ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە و ئەوانەی لەپشتەوەی هێرشەکانی سەر هەولێرن، خۆیان زۆر چاک دەزانن کە بوختان و بیانوو و ئیدعاکانیان هیچ بنەمایەکی نییە و بۆ داپۆشینی کێشە و گرفتەکانیان ئەو دەستدرێژی و زوڵمە لە دژی هەولێر و خەڵکی کوردستان ئەنجام دەدەن".

هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لە داڤۆس لەبارەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر رایگەیاند: "ئەم هێرشە دوژمنکارییە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، هیچ هۆکارێکی نییە و بەبێ پاساوە و نامەردانەیە".

هاوکات لە شارەکانی هەولێر، دهۆک، سۆران و زاخۆ خۆپیشاندانی جەماوەری بەرفراوان بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئێران بەڕێوەچوو، هەروەها رەوەندی کوردستانیش لە 15 وڵاتی جیهان، بۆ هەمان مەبەست گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا. هەر لە درێژەی کاردانەوەکاندا، هەردوو ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و دهۆک، داوایان لە هاووڵاتییان و بازرگانانی هەرێمی کوردستان کرد بایکۆتی هێنان و بەکارهێنانی کاڵای ئێرانی بکەن و جەختیان کردەوە کە بەدوای دۆزینەوەی جێگرەوە دەگەڕێن بۆ کاڵای ئێرانی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.