سامان بەرزنجی: بریندارەکانی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی مەترسی لەسەر ژیانیان نەماوە

سامانبەرزنجی، وەزیری تەندروستی
سامانبەرزنجی، وەزیری تەندروستی

K24-هەولێر:

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت: بریندارەکانی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی کە لە هێرشە مووشەکیەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر و ماڵەکەیان، مەترسی لەسەر ژیانیان نەماوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە(21ی کانوونی دووەمی 2024)، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: بریندارەکان ئێستا تەندروستیان جێگیرە، تەواویان لە رەوشێکی تەندروستی باشدان ومەترسی لەسەر ژیانیان نەماوە.

وەزیری تەندروستی رایدەگەیەنێت: رێکاری دیکەی پێویست ماون بۆ بریندارەکان ئەنجام بدرێت لە نەشتەری، ئاماژە بەوەشدەکات، دوای بۆردومانەکە زوو چوونەتە شوێنی رووداوەکە لەگەڵ تیمەکانی تەندروستی و بەرگری شارستانی و هێزەکانی ئاسایش، لەبەر وێرانبوونی باڵەخانەکە زۆر زەحمەت توانیویانە بگەنە شەهید و بریندارەکانی نێو ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی، دەڵێت: ئەوانەی وەک بریندار گەیەندرانە نەخۆشخانە، ئێستا بارودۆخیان جێگیرە و بریندارەکان کەسیان گیانیان لەدەستنەداوە، وەزیری تەندروستی ئاماژە بەوە دەکات، ئەوانەی گیانیان لەدەستدا بوو تەنها ئەو شەهیدانە بوون کە لە شوێنی رووداوەکە بوون، بەڵام بریندارەکان سێیان بارودۆخیان زۆر سەخت بوو، لەوانەش کوڕی گەورەی شەهید پێشڕەو بەناوی(رۆژ) کە دۆخی تەندروستی زۆر سەخت و ترسناک بوو، چونکە برینەکانی زۆر سەخت بوون، دەڵێت: دووچاری خوێن بەربوونی زۆر ببۆوە، چەندین کاتژمێری پێویست بوو تاوەکو ژیانی لە مردن رزگار کرا، هاوکات کوڕی دووەمی بەناوی(روان) و هەروەها(هانا) ی خێزانی شەهید پێشڕەو ئێستا بارودۆخی تەندروستیان جێگیرە.

کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.