شاخەوان عەبدوڵڵا: لەناو عێراق هێشتا هێزێك هەیە کە بیانوو بۆ هێرشەکانی ئێران دەهێنێتەوە

شاخەوان عەبدوڵڵا
شاخەوان عەبدوڵڵا

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەدەکات، کاردانەوەی حکومەتی فیدراڵی و ئیدانەکردنی هێرشەکەی ئێران بۆسەر هەولێر کاریگەرییەکی باشی هەبووە. گوتیشی: لیژنەی ئەمنی ئێران هیچ کاتێک باسی بوونی مەترسییان نەکردووە لە هەرێمی کوردستان.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، پەرلەمانی عێراق هیچ کاتێک بێ هەڵوێست نەبووە بەرامبەر بەو هێرشە دووژمنکارییانەی کە کراونەتە سەر هەولێر، هەروەها کاتژمێر 2ـی بەرەبەیانی شەوی رووداوەکە راگەیندراوێکمان دەرکرد بۆ ئیدانەکردنی رووداوەکە و داوامان لە حکومەتی عێراق کرد کە هەموو رێکارەکان بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان، لە هەمان کاتدا بڕیاری دروستکردنی لیژنەکەی هاوبەشیشماندا بۆ لێکۆڵێنەوە لە رووداوەکە.

ناوبراو راشیگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەکە هاتنە هەولێر، راستییەکانیان بە چاوی خۆیان بینی، لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا بە ئاشکرا باسی ئەوەیان کرد ئەمە ماڵی هاووڵاتیی سڤیل بووە و سەرجەم تۆمەتەکانیان رەتکردەوە کە شوێنی کۆبووەنەوەی ئەندامانی مۆساد بێت، هەروەها دوو رۆژ پێش هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئەمنی ئێران لەگەڵ عێراق هەبووە بە هیچ شێوەیەک باسیان لەوە نەکردووە کە جێگایەک هەبێت لە هەولێر ببێتە جێگەی مەترسی بۆ دەوڵەی ئێران، بۆیە ئەم تاوانە هیچ بیانووێک هەڵناگرێت.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، بانگهێشتی حکومەتی عێراق دەکەین بۆ پەرلەمان تا لە نزیکەوە بڕیارەکانی بزانینن لەسەر رووداوەکە، بەڵام ئەمجارە سەرجەم وەزارەتەکان و لایەنە ئەمنییەکانی عێراق بە توندی ئیدانەی ئەو کارەیان کردووە و زۆر بە جیددی هاتوونەتە سەر هێڵ، حکومەتی ئێران تووشی شەرمەزارییەکی گەورەی نێودەوڵەتی بووەتەوە، هاوکات ئێران هەوڵیشیاندابوو کاری لیژنەکەی ئێمە بەڕێوەنەچێت و دوای بخەن، بەڵام کاری لێژنەکە بە کۆتا هات و راستییەکە بۆ هەموو لایەک روونبووەوە.

شاخەوان عەبدوڵڵا، دەڵێت: لەناو عێراق هێشتا هێزێک هەیە کە بیانوو بۆ هێرشەکانی ئێران دەهێنێتەوە، هەروەها بەشێک لە پەرلەمانتارانیش خۆیان ساغ کردووەتەوە کە لە بەرەی ئێرانن، تەنانەت ئامادەنەبوون لێداوانکێش بدەن لەسەر هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر، بەڵکو زۆر جار پاساویشیان بۆ ئەو هێرشانە هێناوەتەوە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: هەندێک لە لایەنەکانی شیعە هاوسۆزن لەگەڵ ئێمە و ئیدانەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکەن، هەندێکیشیان کە خۆیان بە بەرەی مەقاوەمە داناوە تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکیان نیشاننەداوە بۆ ئیدانەکردنی رووادەوەکە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21-01-2024، لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمانی عێراق کە لە ژمارەیەک ئەندامی هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگریی و پەیوەندییەکانی دەرەوە پێکهاتبوون، گەیشتە هەرێمی کوردستان. دواتر بە یاوەری رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەییان کرد. ئامانجی سەردانەکە، لێکۆڵینەوە بوو لەو هێرشەی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرایە سەر ماڵەکە.

سەرۆکی ئەو لیژنەیەی پەرلەمانی عێراق کە سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی کردبوو، دەڵێت، "ماڵەکە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بووە، نەک بنکەی سیخوڕی".

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سووپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار چوار هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.

هه‌روه‌ها رۆژی سێشەممە (16ـی کانوونی دووەمی 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".