گاڤی مایرۆن: هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆسه‌ر هه‌ولێر سه‌رپێچییه‌كی ئاشكرایه‌

گاڤی مایرۆن
گاڤی مایرۆن

K24 – هەولێر:

پارێزەرێكی نێودەوڵەتی ئەمه‌ریکی بواری مافەکانی مرۆڤ، له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆسه‌ر هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مه‌ سه‌رپێچییه‌كی ئاشكرایه‌ كه‌ ئێران هێرشی كردووه‌ته‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تی بۆسه‌ر هه‌ولێر.‌

گاڤی مایرۆن پارێزەری نێودەوڵەتی ئەمه‌ریکی بواری مافەکانی مرۆڤ، به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، پێویسته‌ سه‌ره‌تا هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆسه‌ر هه‌ولێر ئیدانه‌ بكرێت، دواتر سكاڵا له‌ دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان تۆماربكرێت، كه‌ پێم وایه‌ عێراق له‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی سكاڵای له‌مباره‌یه‌وه‌ تۆماكردووه‌ و ئه‌مه‌ كارێكی باشه‌.

گاڤی مایرۆن ده‌شڵێت: "پێویسته‌ له‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی قوربانییان و خانه‌واده‌یان سكاڵا له‌ دژی ئه‌م هێرشه‌ دژی ئێران تۆماربكه‌ن".

ئه‌و پارێزه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ گوتی: "به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان نوێنه‌ری له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ نییه‌، ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی عێراقه‌وه‌ سكاڵاكان بگه‌یه‌نێت و له‌سه‌ر ئاستی وڵاته‌وه‌ سكاڵاكان تۆماربكرێن".

کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.