هیومان رایتس وۆچ داوای لێپرسینەوەی یاسایی لە ئەنجامدەرانی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر دەکات

هەولێر هێرشی مووشەکی
هەولێر هێرشی مووشەکی

K24 - هەولێر

رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) لەبارەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و راگەیاندووە،  سەرەڕای بانگەشەکانی ئێران، بەڵام لە هێرشەکەدا تەنیا هاووڵاتییانی سڤیل کراونەتە ئامانج، نەبوونی لێپرسینەوەی یاسایی بۆ کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی لەلایەن ئێرانەوە، تەنیا دەبێتە هۆی ئەوەی لە داهاتوودا هێرشی نایاسایی زیاتر بکرێت.

هیومان رایتس وۆچ بڵاویکردووەتەوە، لە 15ی کانوونی دووەمی 2024، هێرشێکی مووشەکی بالستی ئێران بۆ سەر ماڵێک لە هەولێر، لە هەرێمی کوردستان بووە هۆی شەهیدبوونی چوار هاووڵاتیی سڤیل و برینداربوونی شەش هاووڵاتیی دیکە.

سارە سەنبار، لێکۆڵەری عێراق لە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، "سەرەڕای بانگەشەکانی ئێران سەبارەت بەم هێرشە، ئەم کوشتنانە دوای مێژوویەکی دوور و درێژی کووشتن لە لایەن سوپای پاسدارانەوە دێن لە ناوچە نیشتەجێبووەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، کە هاووڵاتیی مەدەنییان کردووەتە ئامانج. نەبوونی لێپرسینەوەی یاسایی بۆکوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنی لەلایەن ئێرانەوە، تەنیا دەبێتە هۆی ئەوەی لە داهاتوودا هێرشی نایاسایی زیاتر بکرێت."

سەنبار دەشڵێت: ''نابێت عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ کێبڕکێی دەرەکی لەسەر حیسابی ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی و سەقامگیری وڵات. روودانی ئەمە، تەنیا دەبێتە هۆی پێشهاتی هەرێمی و کوشتن و وێرانبوون.''

هەر لە راپۆرتەکەی رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ هاتووە، "هێرشەکە بووە هۆی گیان لەدەستدانی دوو بازرگانی ناوخۆیی بە ناوەکانی پێشڕەو دزەیی و کەرەم میخائیل، لەگەڵ  کچەکەی دزەیی؛ کە 10 رۆژ مابوو بۆ گەیشتن بە یەکەمین ساڵیادی لەدایکبوونی لەگەڵ کارگوزارێکی ماڵەکەی دزەیی".

رێکخراوەکە ئاماژەیداوە، سوپای پاسدارانی ئێران لە چەند ساڵی رابردوودا چەندین هێرش و کوشتنی بە ئامانجکراویان لە هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە. لە مانگی ئاداری ساڵی 2022 مووشەکی بالیستی ئێرانی بەر ماڵی بازرگانێکی کورد بە ناوی باز کەریم بەرزنجی کەوت. لە ئەیلوولی 2022، هێرشەکانی سەر نوسینگەکانی پارتی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لانیکەم 16 کەسیان کوشت و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون و سەدان خێزان ئاوارە بوون. هەروەها لە 15 کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەی سەر هەولێر و باکووری سووریا راگەیاند.

لە وەڵامی هێرشەکەدا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە پێکهێنا و بەڵێنیدا راستییەکان بۆ رای گشتی جیهان ئاشكرا بکات، قاسم عەرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، کە سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراق بوو بۆ هێرشەکەی ئێران  رایگەیاند، لە پشکنینەکانی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی هیچ بەڵگەیەک نەدۆزراوەتەوە، کە ماڵەکەی وەک بارەگایەکی مۆساد بەکارهاتبێت. بۆیە رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئاماژەیداوە، پێویستە عێراق تەواوی دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی بڵاوبکاتەوە.