تەقینەوەیەکی بەهێز باکووری رۆژهەڵاتی ئێرانی هەژاند

K24 - هەولێر

بێهنام بەختیاری سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەسازیی کانزایی و بازرگانی گەرمەسار رایگەیاند، تەقینەوەیەکی بەهێز لە شاری پیشەسازی گەرمەساز لە رۆژئاوای پارێزگای سمنانی باکووری رۆژهەڵاتی ئێران روویداوە و تیمەکانی بەرگری شارستانی و تەندروستی چوونەتە شوێنی تەقینەوەکە.

هەروەها ئاماژەیداوە، تاوەکوو ئێستا هۆکاری تەقینەوەکە نەزانراوە، بەڵام دەنگێکی بەهێزی هەبووە و لە چەند ناوچەیەکی دەوروبەری دەنگی تەقینەوەکە بیستراوە.

لەلایەن خۆیەوە، رەزا خانی سەرۆکی شارەوانی گەرمەسار رایگەیاندووە، بەم زووانە هۆکار و زیانەکانی رووداوەکە بڵاودەکەینەوە. بەڵام میدیاکانی ئێران لە زاری بەرپرسانی ئەو وڵاتە بڵاویانکردووەتەوە، گوایە تەقینەوە نەبووە، تەنیا دەنگێکی بەهێزبووە، کە لە ئەنجامی خێرایی تێپەڕبوونی فڕۆکەیەکی جەنگیی و بڕینی بەرگە هەواوە ئەو دەنگە دروستبووە.