لە دژی هێرشەکانی ئێران خۆپیشاندانی جەماوەری بەرفراوان لە ئاکرێ و بەردەڕەش دەستیپێکرد

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی2024، خەڵکی ئاکرێ و بەردەڕەش دژی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر، بە درووشمی "ئیرادەی کوردستان لەژێر چەک و موشەک ناهەژێت" خۆپیشاندانێکی بەرفراوانیان رێکخست.

هاووڵاتییەک لە خۆپیشاندانەکەی ئاکرێ بۆ کوردستان24 دەڵێت: خەڵکی ئاکرێ و بەردەڕەش بۆ ئیدانەکردنی هێرشە مووشەکییەکانی پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان- هەولێر دەکەن، کە بووەتە هۆی شەهید کردن و بریندارکردنی خەڵکی سڤیل، لەم خۆپیشاندانەدا پەیامێکی ناڕازی بوون ئاراستەی جیهان دەکەین، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەو هێرشانە دووبارە نەکرێنەوە سەر خاکی هەرێمی کوردستان بە بیانوو پاساوی جۆراوجۆر.

هاووڵاتییەکی دیکەی ئاکرێ بۆ کوردستان24 گوتی: "من وەک خەڵکی دەڤەری ئاکرێ بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشانەی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکەین، ئێمە بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکەین جارێکی دیکە ئەو ستەم و زوڵمە دژی خەڵکی ئێمە لە هەولێر یا سلێمانی یاخود هەر شارێکی دیکە بکرێت لەلایەن ئێرانەوە، دووبارە بە هەموو دەوڵەتانی جیهان دەڵێین، بەهیچ شێوەیەک سەری خۆمان دانانەوێنین بۆ هیچ کەس و وڵاتێک کە ستەم و زوڵم لە ئێمەی کورد بکەن".

خۆپیشاندەرێکی دیکە بۆ کوردستان24 دەڵێت، پەیامی ئێمە بۆ هەموو جیهان بۆ ئەوەی بزانن ئەو ستەمەی لە ئێمە کرا بەبێ هیچ پاساوێک و بیانووەیەک لە کوردستان دەکرێت.

کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.