کۆمپانیای سیمنس: سەدا 40ـی بەرهەمهێنانی کارەبای نیشتمانی عێراق کەمبووەتەوە

K24 - هەولێر

کۆمپانیای سیمنس لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیری لەسەر سیستەمی کارەبای نیشتمانی لە عێراق ئامادە کردووە.

موهەند سەفار، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سیمنسی ئەڵمانی، لە چاوپێکەوتنێکدا بە رۆژنامەی"سەباح"ی راگەیاند، "کۆمپانیاکە لە پرۆسەی دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی فراوان و گشتگیردایە لەسەر تۆڕی نیشتمانی کارەبای عێراق، کۆمپانیاکە بەشدار دەبێت لە هەڵسەنگاندنی خاڵە لاوازەکان ودەستنیشانکردنی کێشەکان، دواتر راپۆرتەکە پێشکەشی وەزارەتی کارەبا دەکات بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لە پڕۆژەکانی داهاتوو".

ئاماژە بەوەشکرد کە "رێککەوتنی نێوان کۆمپانیاکە و وەزارەتی کارەبا بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە لە بەرلین لە ساڵی 2023دا".

هەروەها "پڕۆژەکە سەرجەم ناوچەکانی عێراق و سەرجەم سێکتەرەکان دەگرێتەوە"، راشیگەیاند، "بەرهەمهێنانی ئێستای کارەبا بەشی پێداویستییەکانی عێراق ناکات، لەگەڵ ئەوەی کە لە 40%ـی کارەبا کەمبووەتەوە، سەبارەت بە کەرتی گواستنەوەش، وەزارەت پێویستی بە هێڵەکان و وێستگەکانی ڤۆڵتیەی بەرزی گواستنەوە هەیە."

سەبارەت بە کەرتی دابەشکردن، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سیمنس گوتی، جێبەجێکردنی کۆکردنەوەی ئەلیکترۆنی لە سەرووی پێداویستییەکانەوە دێت و دەچێتە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەیە کە رەوانەی وەزارەتی کارەبا دەکرێت، گوتیشی: "ئێمە بە تەواوی ئامادە دەبین بۆ جێبەجێکردنی هەموو پڕۆژەکان، بەمەرجێک ئەگەر بەشێک لە پڕۆژەکان رەوانەی کۆمپانیاکە بکرێن".

سەفار ئاماژەی بەوەشکرد، "سیمنس پڕۆژەکانی کارەبای ساڵی 2023دا جێبەجێ کرد  کە بەشدار بوون لە باشترکردنی وزە و تۆڕی کارەبا، لەوانەش سیستەمی سارد بە زیادکردنی زیاتر لە 800 مێگاواتی کارەبا بۆ تۆڕی نیشتمانی، لەلایەن محەممەد سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزیری کارەبا، لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی 2023، جگە لە تەواوبوونی وێستگە لاوەکییەکان لە رۆژئاوای موسڵ و حەمیدیە لە پارێزگای ئەنبار و 13 وێستگەی لاوەکی لە ناوەند و باشووری عێراق، کە کەوتە بەرخزمەتکردنەوە و بەشدار بوون لە باشترکردنی تۆڕی کارەبا و دابینکردنی وزە لەم ناوچانە و کەمکردنەوەی بەهەدەردان گواستنەوەی وزە".

بوونی کۆمپانیای سیمنس ئینێرجی لە عێراق بۆ زیاتر لە 80 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، لەو کاتەوە لە ماوەی ساڵانی 1930دا کاری لەسەر دروستکردنی ژێرخانی وزەی کارەبا کردووە، ئەمڕۆش بەشدارە لە بەرهەمهێنانی نزیکەی 60%ی ئەو وزەیەی بەرهەمدێت لە عێراقدا.

لەسەرەتای ساڵی رابردووی 2023 کۆمپانیای سیمنس رێککەوتنێکی لەگەڵ حکومەتی عێراق واژۆکرد بۆ پەرەپێدانی تۆڕی کارەبا لەو وڵاتە.

کریستیان برۆخ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ زیاد عەلی، وەزیری کارەبا واژۆکرد بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبای ناوخۆیی نزیکەی 11 گیگاوات.

لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئەڵمانیا رایگەیاند، ئامانجی یاداشتەکە زیادکردنی بەرهەمهێنانی وزە و باشترکردنی پرۆسەکانی گواستنەوە و دابەشکردن و کەمکردنەوەی بەهەدەردانە.