سیستەمی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری نوێدەکرێتەوە

مۆڵەتی شوفێری
مۆڵەتی شوفێری

K24 - هەولێر

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، سیستەمی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان نوێدەکرێتەوە.  

ئەمڕۆ دووشەممە، 22-01-2024، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا داوای لە هاووڵاتییان کرد، رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، 24-01-2024، سەردانی بەشی مۆڵەت نەکەن، "چونکە ئەو ڕۆژە بە تەواوی بۆ نوێکردنەوەی سیستەمی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان تەرخان دەکرێت".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ڕۆژی دواتر کە دەکاتە پێنجشەممە، 25-01-2024، ئەوانەی لە دەرەوەی شارەکان دێن، تکایە بۆ هەفتەی داهاتوو کارەکانتان ڕابگرن نەبادە نوێکردنەوەی سیستمەکە پێویستی بەکاتی زیاتر هەبێت. تیمەکانمان هەموو هەوڵەکانیان دەخەنە گەڕ کە ڕۆژی پێنج شەممە کاروباری خەڵک ئاسایی ببێتەوە".

وەکو ئەوەی لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، "ئەم ئاگادارکردنەوەیە ئەو هاووڵاتییانە ناگرێتەوە کا تاقیکردنەوەی دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری ئەنجام دەدەن".