هێزه سیاسییه‌كانی عێراق لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر بێدەنگن
K24 - هەولێر
تا ئێستا هێزه سیاسییه‌كانی عێراق له بەرامبەر ئه‌و هێرشه مووشه‌كییه‌كه‌ی کرایە سه‌ر هه‌ولێر بێده‌نگییان هه‌ڵبژاردووه. جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ئاشكرایكردووه، ئێران له‌ڕێگه‌ی هێزه هاوسۆزه‌كانییه‌وه هەوڵێکی زۆری‌دا تاكو پەرلەمانی عێراق بێ هه‌ڵوێست بێت.
دوای هێرشه مووشه‌كییه بالیستییه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر هه‌ولێر كه ماڵێكی سڤیلی به ئامانجگرت و 10 كه‌سی كرده قوربانی؛ له هه‌رێمی كوردستان و له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی جیهانیش هێرشه‌كه سه‌ركۆنه‌كرا و به پێشێلكاری و ده‌رچوون له یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له قه‌ڵه‌مدرا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه تاكو ئێستا هێزه سیاسییه‌كانی عێراق به‌تایبه‌تی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌ئاست ئه‌و هێرشه‌ی ئێران‌دا بێده‌نگییان هه‌ڵبژاردووه.
سه‌باره‌ت به رێگرییه‌كانی به‌شێك له هێزه شیعه‌كان له به‌ڕێوه‌چوونی دانیشتنێكی تایبه‌تی په‌رله‌مان، شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق به كوردستان24ـی راگەیاند، دوای هێرشەکانی بۆ سەر هەولێر، ئێران دووچاری شەرمێکی نێودەوڵەتی بووەتەوە و له‌ڕێگه‌ی هێزه هاوسۆزه‌كانییه‌وه هەوڵێکی زۆری‌دا پەرلەمانی عێراق رێکارەکانی لە بەرامبەر ئەو هێرشانە نه‌گرێته‌به‌ر.
سه‌باره‌ت به بێهه‌ڵوێستی لایه‌نه سیاسییه‌كانی شیعه له‌دژی ئه‌م بۆردوومانه‌ی كرایه سه‌ر هه‌ولێر، حامید موتڵه‌گ، سه‌رۆكی پارتی دیالۆگ و گۆڕانكاری به كوردستان 24ی راگه‌یاند، "هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌ك بۆ سه‌ر هه‌ولێر یاخود به‌سره پێشێلكردنی سه‌روه‌ری عێراقه و ده‌بێت لایه‌نه‌كان هه‌ڵوێستی توندیان هه‌بێت".
حامید موتڵه‌گ گوتی، "هه‌ر ده‌ستدریژییه‌ك بكرێته سه‌ر عێراق، پێویسته سه‌ركۆنه بكرێت. هه‌ندێك لایه‌ن تا ئێستا سه‌ركۆنه‌یان نه‌كردووه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌رده‌خات ناكۆكییه سیاسییه‌كان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی ره‌نگیداوه‌ته‌وه. عێراق موڵكی هه‌موو عێراقییه‌كانه، هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌ك بۆ سه‌ر هه‌ولێر یان به‌سره پێشێلكردنی سه‌روه‌ری عێراقه و ده‌بێت لایه‌نه‌كان هه‌ڵوێستی توندیان هه‌بێت".
وەکو ئەوەی سه‌رۆكی پارتی دیالۆگ و گۆڕانكاری ئاماژەی پێ دا، "چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی په‌یوه‌ندی به‌هێزی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه، ئه‌مه‌ش نیشتمانی دابه‌شكردووه، به‌داخه‌وه ماوه‌ی بیست ساڵه ئه‌م جۆره دابه‌شبوون و ناكۆكییه له پرۆسه‌ی سیاسی عێراق هه‌یه و گه‌له‌كه‌ی به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنێت".
حكومه‌تی عێراق بۆ ئاشكراكردنی راستییه‌كان، قاسم ئه‌عره‌جی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ره‌وانه‌ی شوێنی رووداوه‌كه كرد و دوای لێكۆڵینه‌وه‌كان، قاسم ئه‌عره‌جی رایگه‌یاند، ئه‌و شوێنه‌ی مووشه‌كباران كراوه، ماڵێكی سڤیل بووه و ئه‌وه‌ی باس له بنكه‌ی مۆساد ده‌كرێت دووره له راستییه‌وه.
دواتر لیژنەی ئاسایش و بەرگری و پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق سه‌ردانی هه‌مان شوێنیان كرد، سه‌رۆكی لیژنه‌كه عه‌باس زاملی، ئاشكرایكرد، گومان له‌وه‌دا نییه ئه‌و شوێنه‌ی سوپای پاسداران به ئامانجی گرتووه، شوێنی مانه‌وه‌ی خێزانی بووه.