ژمارەیەک پۆستی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر گۆڕانکاریان تێدا دەکرێت

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر
زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر

K24-هەولێر:

ژمارەیەک پۆستی باڵای زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر گۆڕانکاریان تێدا دەکرێت و، بڕیارە لە داھاتووشدا گۆڕانکاری لە ژمارەیەک پۆستی باڵای دیکەی زانکۆکە بەپێی ھەمان میکانیزم و، بە بڵاوکردنەوەی پۆستەکان و کێبڕکێ و ھەڵسەنگاندن لەلایەن لیژنەیەکی باڵاوە، ئەنجام بدرێت.

بەپێی زانیارییەکانی دەست پەیامنێری کوردستان24 کەوتووە، بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و فەرمانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکان لە پێکھاتەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و زانکۆ حکوومییەکان، گۆڕانکاری لە پۆستی دوو یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر ژمارەیەک راگری کۆلێژ و پەیمانگای سەربە زانکۆکە و بەڕێوەبەری گشتیی سەنتەری توێژینەوەی زانستی دەکرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، پ.د.ئازاد حەسەن قادر لە شوێنی پ.د.جەودەت جەعفەر خەتاب، وەک یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بۆ کاروباری کارگێری و دارایی دەست بەکار دەبێت، هەروەها پ.د.بۆتان مەجید ئەحمەد لە شوێنی پ.ی.د.نەجیب تۆما بتۆ، وەک یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا دەست بەکاردەبێت.

بەپێی فەرمانەکە، پ.ی.د.سەرسام خەلیل عومەر لە شوێنی پ.ی.د.برزۆ ھەمزە سلێمان دزەیی وەک راگری پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی ھەولێر و، پ.ی.د.موحسین شریف ساڵح لە شوێنی پ.ی.د.ئازاد ئەحمەد مەحموود وەک راگری کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی ھەولێر دەست بەکاردەبن.

هاوکات، پ.ی.د.تیران جمیل پیرۆ لە شوێنی پ.ی.ئومێد ئەرشەد حەوێزی وەک راگری پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی ھەولێر و، د.عماد عزیز محەمەد رۆستەم لە شوێنی م.سەروەر جەمال حەیدەر وەک راگری پەیمانگەی تەکنیکی چۆمان دەست بەکاردەبن، هەروەها پ.د.کیهان زرار قادر لە شوێنی پ.ی.د. بۆتان مەجید ئەحمەد وەک راگری کۆلیژی تەکنەلۆجی هەولێر دەست بەکاردەبێت.

گۆڕانکارییەکان گەیشتۆتە کۆلیژی تەکنیکی سۆران، لەوێش پ.ی.د.سیروان لەتیف حاجی لە شوێنی م.پاکستان محمەد ئەمین یوسف وەک کۆلێژی تەکنیکی سۆران دەست بەکاردەبێت، هەروەها پ.ی.د.رەنج سیروان عەبدوڵڵا لە شوێنی پ.ی.د. ھێمن کاکەخان عەوڵڵا وەک بەڕێوبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی دەست بەکاردەبێت.

وەک لە فەرمانەکەدا هاتووە، سەرجەم ئەوانەی کە ئەو پۆستانەیان پێ سپێردراوە بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی دەست بەکاردەبن، وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاندووە، ئەم گۆڕانکارییانە لەسەر بنەمای راگەیاندن لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توژینەوەی زانستی و لە رێگەی چاوپێکەوتن لەلایەن لیژنەیەکی باڵاوە، دواتر بەرزکردنەوەی سێ ناو بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ئەنجامدراوە.

دەشڵێت: بڕیارە لە داھاتوودا گۆڕانکاری لە ژمارەیەک پۆستی باڵای دیکەی زانکۆکە بەپێی ھەمان میکانیزم و بڵاوکردنەوەی پۆستەکان و کێبڕکێ و ھەڵسەنگاندن لەلایەن لیژنەیەکی باڵاوە ئەنجام بدرێت.