فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی: هەواڵی فەرمانکردن بە پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە دوورە لە راستییەوە

فەرماندەیی گشتی زێرەڤانی
فەرماندەیی گشتی زێرەڤانی

K24 – هەولێر:

فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی رایگەیاند، بڵاوکردنەوەی هەواڵی کە گوایە فەرمان بە هێزەکانی سەر بە زێرەڤانی کرابێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی پەکەکە دوورە لە راستی و ناوەڕۆکی هەواڵەکەش رەتدەکەنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە (22ـی کانوونی دووەمی 2024) فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژەی بەوەکردەوە، "لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هەواڵ و نووسراوێكی هەڵبەستراو و دوور لەڕاستی بڵاوكراوەتەوە، كە گوایە فەرمان بە هێزەكانی سەر بە فەرماندەییمان كرابێت ڕووبەڕووی چەكدارانی پەكەكە ببنەو، لێرەوە بۆ رای گشتی رایدەگەیەنین كە ئەم نووسراوە ساختەیە و سەرلەبەری ناوەڕۆکی هەواڵەكەش رەت دەكەینەوە".

لە روونکردنەووەکەدا هەروەها هاتووە، وەك فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، پێمان وایە بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵە ساختە لە كات و ساتی ئێستادا درێژكراوەی ئەو هەڵمەتە چەواشەکارییانەیە كە چەند رۆژێكە لە دوای مووشەكبارانكردنی شاری هەولێر لەلایەن ناحەزانەوە دەستی پێ كردووە.

ئەمەش دوای ئەوە هات چەند دەزگایەکی راگەیاندن لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان نووسراوێکی ساختەیان بڵاوکردەوە کە گوایە لەلایەن فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی فەرمان بە پێشمەرگە کراوە رووبەڕووی چەکدارانی پەکەکە ببنەوە و دەسەڵاتی تەقەکردنیان پێدراوە، بەڵام فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی رایگەیاند ئەو نووسراوە ساختەیە و سەر لەبەری هەواڵی فەرمانکردن بە پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە دوورە لە راستییەوە.

دەقی روونکردنەوەکەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی

ئەمڕۆ دووشەممە 22ی کانوونی دووەمی 2024، لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هەواڵ و نووسراوێكی هەڵبەستراو و دوور لە ڕاستی بڵاو كراوەتەوە، كە گوایە فەرمان بە هێزەكانی سەر بە فەرماندەییمان كرابێت  ڕووبەڕووی چەكدارانی پەكەكە ببنەوە.

لێرەوە بۆ ڕای گشتی رایدەگەیەنین كە ئەم نووسراوە ساختەیە و سەرلەبەری ناوەڕۆکی هەواڵەكەش رەت دەكەینەوە.

وەك فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، پێمان وایە بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵە ساختە لە كات و ساتی ئێستادا درێژكراوەی ئەو هەڵمەتە چەواشەکارییانەیە كە چەند ڕۆژێكە لە دوای مووشەكبارانكردنی شاری هەولێر لەلایەن ناحەزانەوە دەستی پێ كردووە.

فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی
22ی کانوونی دووەمی 2024