كوردستان24 چیرۆكی پێنجەم شەهیدی هێرشە مووشەکییەكەی ئێران بڵاودەکاتەوە

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

دایکی پێنجەم شەھیدی ھێرشە مووشەكییە بالیستییەكانی ئێران دوای حەوت رۆژ بەدڵێکی پڕ خەم و حەسرەتەوە دەگەڕێتەوە ماڵەکەی. ئاوات قوربانییەکی دیکەی ھێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانە، کە بەهۆیەوە کۆرپەکەی لەبارچوو و نەیتوانی ئانیتا لەباوەش بگرێت.

هەروەها دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکەی کوردستان24 لەسەر ئەم خێزانەی، کە  کۆرپەکەیان بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران لەدەستدا، پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو هاوکاری کردن. ئەو ئافرەتەی کۆرپەکەی لەبارچووە باسی ساتی هێرشە مووشەکییەکان دەکات.

ئاوات عوزێر: دانیشتووی مەلا ئۆمەر

ئاوات باس لە ساتی هێرشە مووشەکییەکان دەکات و دەڵێ؛ "تەنیا هاوارمان دەکرد و هیچمان لەدەست نەدەهات، دواتر بوورامەوە، دووگیان بووم و کۆرپەکەم نزیک پێنج مانگ دەبوو، منداڵەکەی نێو سکم هیچ تاوانێکی نەبوو وایان بەسەرهێناین، بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێوە منداڵەکەم لەدەستدا، ئێستاش هەر لە شۆکدام، دەنگی مووشەکەکان زۆربوون، یەک و دووان نەبوون، دەنگەکان زۆر بەهێزبوون"

لەدوای هێرشە مووشەکییەکان و لەدەستدانی کۆرپەکەی، ئاوات دۆخی تەندروستیی و دەروونی ناجێگیرە، جگە لەخۆی هاوسەرەکەیی و چەند ئەندامێک دیکەی خێزانەکەشی بەهۆی شکانی شووشەی پەنجەرەکانی ماڵەکەیان برینداربوون، بۆیە زیانەکان هەر تەنیا گیانی نین، بەڵکو هێشتا کاریگەری هێرشە مووشەکییەکان بە دیوار و پەنجەرەکانی ماڵەکەی مەهدی دیارن.

مەھدی حارس: هاوسەری ئاوت

"دووەمجارە بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران زیان بەر ماڵ و خانووەکەم دەکەوێت، ئەمجارە منداڵێکم لەدەستدا، بۆیە داواکارم لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەڵوێستی توندو جیدیان هەبێت، بۆ ئەوەی سنوورێک لەبەردەم هێرشەکان دابنرێت، چونکە ئێمە مەزڵوومین و زاڵم نین، ناکرێت چیتر خێزانی دیکە رەشپۆش بکرێن، تەنیا لەبەر کوردبوونمان بەمشێوەیە دوژمنایەتیمان دەکرێت".

کاتژمێر 11:30ی شەوی 15/1/2024، سوپای سوپای پاسدارانی ئێران بە پاساوی بوونی بنکەیەکی مۆسادی ئیسرائیلی لە هەولێر، ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی گەورە بازرگانی کوردی لە نزیک کۆمەڵگەی مەلا ئۆمەر مووشەکبارانکرد، کە بەهۆیەوە خۆیی "پێشڕەو دزەیی" ژینە پێشڕەوی 11 مانگ، بازرگانێکی کریستیان بەناوی کەڕەم میخایل و ئافرەتێکی نیپاڵی کارگوزار شەهیدبوون  و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، بەڵام زیانە گیانییەکانی هەر بە تەنیا لە ماڵەکەی شەهید پێشڕەو نەبوون، بەڵکو هێرشەکانی سوپای پاسداران رێگەیان نەدا ئاوات ئاواتەکە بێتەدی و ئانیتا لە باوەش بگرێت.

لە کاردانەوەکانی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە پێکهێنا و بەڵێنیدا راستییەکان بۆ رای گشتی و جیهان ئاشكرا بکات، قاسم عەرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، کە سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراق بوو بۆ هێرشەکەی ئێران  رایگەیاند، لە پشکنینەکانی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی هیچ بەڵگەیەک نەدۆزراوەتەوە، کە ماڵەکەی وەک بارەگایەکی مۆساد بەکارهاتبێت. بۆیە رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئاماژەیداوە، پێویستە عێراق تەواوی دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی بڵاوبکاتەوە.

هەروەها لە راپۆرتی رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) ئاماژەیداوە، کە هێرشەکەی ئێران تەنیا هاووڵاتییانی سڤیلی کردووەتە ئامانج و سارە سەنبار، لێکۆڵەری عێراق لە رێکخراوەکە دەڵێت، "سەرەڕای بانگەشەکانی ئێران سەبارەت بەم هێرشە، ئەم کوشتنانە دوای مێژوویەکی دوور و درێژی کووشتن لە لایەن سوپای پاسدارانەوە دێن لە ناوچە نیشتەجێبووەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، کە هاووڵاتیی مەدەنییان کردووەتە ئامانج. نەبوونی لێپرسینەوەی یاسایی بۆکوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنی لەلایەن ئێرانەوە، تەنیا دەبێتە هۆی ئەوەی لە داهاتوودا هێرشی نایاسایی زیاتر بکرێت."

سەنبار دەشڵێت: ''نابێت عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ کێبڕکێی دەرەکی لەسەر حیسابی ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی و سەقامگیری وڵات. روودانی ئەمە، تەنیا دەبێتە هۆی پێشهاتی هەرێمی و کوشتن و وێرانبوون.''

سوپای پاسدارانی ئێران لە دوو ساڵی رابردوودا ئەمە دووەمجارە بە هێرشی مووشەکی ماڵی گەورە بازرگانانی کورد لە هەولێر دەکاتە ئامانج، یەکەم هێرشی مووشەکی بالیستی لە مانگی ئاداری ساڵی 2022 ماڵی بازرگانێکی کورد بە ناوی باز کەریم بەرزنجی کردە ئامانج، کە بەهۆیەوە زیانێکی زۆری ماددی بەر ناوەندی سەرەکی میدیایی کوردستان24یش کەوت، بەهۆی نزیکی لە شوێنی مووشەکبارانکردنە، هەر لە 2022 لە هێرشە درۆنیی و مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر نووسینگەکانی پارتی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لانیکەم 16 هاووڵاتی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان شەهیدکران و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون، لە نێویاندا سۆران کامەران پەیامنێری کوردستان24 لە کاتی رووماڵکردنی هێرشەکاندا بەسەختی برینداربوو.