مالیکی و کاڵن کێشەکانی نێوان تورکیا و عێراق تاوتوێ دەکەن

کۆبوونەوەی  مالیکی و کاڵن (وێنە: نوسینگەی راگەیاندنی مالیکی)
کۆبوونەوەی مالیکی و کاڵن (وێنە: نوسینگەی راگەیاندنی مالیکی)

K24 – هەولێر

سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و بەرپرسی دەزگای هەواڵگری تورکیا کێشەکانی نێوانی عێراق و تورکیا و پەیوەندییەکانی هەردوولا تاوتوێ دەکەن. 

ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2024، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، پێشوازی لە ئیبراهیم کاڵن، بەرپرسی دەزگای هەواڵگری تورکیا و شاندی یاوەری کرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی مالیکی، لە کۆبوونەوەکەدا "پێداچوونەوە بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنییەتی پەرەپێدان پێیان کراوە. هەروەها باسی ئەو هێرشانە کراوە کە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان گرتووەتەوە لە ئەنجامی دەستدرێژی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە".

وەکو ئەوەی ئاماژەی پێ دراوە، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا جەختی لەسەر "پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاوازەکانی وەک کەرتی وزە و ئاوەدانکردنەوەدا کردووەتەوە". هەروەها جەختیشی لەسەر گرنگی دیالۆگی هەردوولا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە کردووەتەوە.

نووسینگەکەی دەڵێت، نووری مالیکی ئاماژەی بەوەش داوە "عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کاردەکات بۆ رێزگرتن لە سەروەری وڵاتان و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک، بۆ ئاسایشی سنوورەکان و بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو گروپانەی کە ئامانجیان تێکدانی ئاسایش و سەقامگیرییە".

لای خۆیەوە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا، "پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیری عێراق و خواستی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هاریکاری بەتایبەت لە بوارەکانی ئاسایش و ئابووری و گواستنەوە دووپاتکردەوە".