پێنتاگۆن سەرقاڵی پلانێکە بۆ نزیکردنەوەی هەسەدە لەگەڵ رژێمی ئەسەد دژ بە داعش

K24 - هەولێر:

بە گوێره‌ی راپۆرتێکی پێگەی ئەلمۆنیتۆر، وەزارەتی بەرگری ئەمه‌ریکا ناسراو بە پێنتاگۆن لەم دوایانەدا خەریکی گەڵاڵەکردنی پلانێکە بۆ لەیەک نزیکردنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ناسراو بە هەسەدە لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش لە سووریا.

پلانەکە لەلایەن لیژنەیەکی هاوبەشی داڕشتنی سیاسیەتەکانەوە گەنگەشەکراوە بە بەشداری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی و نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا و بەرگری و ناوەندی هەواڵگری ئەمریکا لە 18ی کانوونی دووەم، بە گوێرەی زانیاریەکانی ئەلمۆنیتۆر.

سەرچاوەکانی کە قسەیان بۆ پێگەکە کردووە لەسەر بابەتەکە زانیاری زیاتریان لەسەر پلانەکە نەخستۆتەڕوو، بەڵکو تەنها ئاماژەیان بەوە کردووە مەبەست لە دارشتنی پلانەکە پاراستنی هێزەکانی هەسەدە لە جەنگی دژ بە داعش لە داهاتوودا.

بەڵام سەرچاوەکان هیچ زانیارییەکان نەدرکاندووە ئاخۆ مەبەست لە دارشتنی پلانەکە ئاماژەیەکە بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە سووریا کە ژمارەیان 900 سه‌رباز دەبێت.

پێگەکە لەمبارەیەوە قسەی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کردووە و ئەویش بێ ئاگایی خۆیی لە پلانێکی لەو جۆرە راگەیاندووە.

عەبدی رایگەیاندووە "یەکەمین جار گوێبستی بابەتێکی لەو جۆرە ببێت" و هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە ئەگەر پلانێکی لەو جۆرەش لە ئارادابێت ئەو پراکتیکی نییە بەهۆی پەیوەندییەکانی هەسەدە و رژێمی ئەسەد کە رەتی دەکاتەوە بەهیچ جۆرێک دانووستانێکی "مانادار" لەگەڵ هێزە کوردییەکان بکات.

راپۆرتی پێگەکە لە کاتێکدا دێت کە هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا بە هەمان شێوەی هێزەکانیان لە عێراق دووچاری زیاد لە 150 هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆمبڕێژکراو بوونەتەوە.

سه‌رچاوه‌ : پێگەی ئەلمۆنیتۆر