ئەعرەجی: باشتروایە ئەمەریکا هێرشەکانی سەر غەززە رابگرێت لە بری هێرشکردنە سەر حەشدی شەعبی

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق

K24 - هەولێر

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر گرووپە میلیشیاکان بە کردەیەی دوژمنکارانە ناودەبات و دەڵێ، باشتروایە ئەمەریکا هێرشەکانی سەر غەززە رابگرێت لە بری هێرشکردنە سەر حەشدی شەعبی.

قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر)ی پێشوو پەیامێکی لە بارەی هێرشەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر حزبوڵڵا و گرووپە میلیشیاکانی دیکەی عێراقی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی؛ "بە ئامانجگرتنی بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە قائیم و جەرەفولسەخر، کردەیەکی دوژمنکارانەیە و پێشێلکارییەکی زەقی سەروەری عێراقە، هێرشەکان هاوکاری هێورکردنەوەی دۆخەکە ناکەن، بۆیە باشتروایە ئەمریکا فشار بکات و دوژمنکارییەکانی سەر غەززە رابگرێت، لە بری ئەوەی بنکە و دامەزراوە نیشتمانییەکانی عێراق بکاتە ئامانج".

لەبارەی هێرشەکانەوە، حەشدی شەعبی لە تۆڕی کۆمەڵاتی تەلیگرام بڵاویکردووەتەوە، لە هێرشەکەی شەوی رابردوودا ژمارەیەک کوژراو و بریندار هەن، بەڵام هەندێک لە سەرچاوەکان باس لە کوژرانی سێ چەکداری دەکەن، گوایە یەکێکیان فەرماندەیەکی حزبوڵڵای عێراقیە.

ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردووەتەوە، کاتژمێر 12:15 خولەکی شەوی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانیان لە وەڵامی هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بۆ سەر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا، سێ ناوەندی میلیشیاکانی حزبوڵڵا و گرووپەکانی دیکەی سەر بە ئێرانی لە عێراق بۆردومانکردووە.

هەروەها لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیداوە، هێرشەکان وەڵامدانەوەیەکە بۆ هێرشەکانی گرووپە میلیشیاکانی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن بۆ بە ئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، گرووپە میلیشیاکانی عێراق لە 17 ئۆکتۆبەری 2023ـەوە تاوەکو 20/1/2024 لە عێراق و سووریا 151 هێرشیانکردووەتە سەر بنکەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان.