هاووڵاتییەکی شێخان: داوا لە جیهان دەکەین لەبەرامبەر هێرشەکانی سەر هەولێر بێدەنگ نەبن

خۆپیشاندانی شێخان
خۆپیشاندانی شێخان

K24 - هەولێر

هاووڵاتییانی قەزای شێخان لە دژی هێرشە مووشەکییە بالسیتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر خۆپیشاندان دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی کانوونی دووەمی2024، سەفەر عافریڤی، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری خۆپیشاندانەکان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ شێخان وەک هەموو ناوچەکان و شارەکانی دیکەی کوردستان، گردبوونەوەیەکی جەماوەری فراوان بۆ شەرمەزارکردنی ئەو هێرشەی ئێران بۆ سەر هەولێر ئەنجامیدا، کە بووە هۆی کوژاران و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیلی هەولێر.

عافریڤی دەڵێت: "ئێمە داوا لە وڵاتە زلهێزەکان و مافی مرۆڤ دەکەین، کە بێتە دەنگ لەبەرامبەر ئەو هێرشانە و بەس بێت کوشتن و دەستدرێژکردنە سەر هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی کورد، چونکە ئێمە میللەتێکی ئاشتیخوازین و ئاشتیمان دەوێت. هەروەها  شێخان جێگای پێکەوە ژیانە، کورد و عەرەب و هەموو پێکهاتەکانی دیکە و بەهەموو ئاینێکەوە ئەمڕۆ لەم گردبوونەوەیە بەشدار دەبن".

سەفەر عافریڤی، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری خۆپیشاندانەکان رایگەیاند، داوا لە هەموو لایەنێکی سیاسی و هەموو دانیشتوویەک دەکەین، ئەم گردبوونەوە گردبوونەوەیەکی نیشتمانی و نەتەوەییە، بەیەک هێز و بەیەکەوە بەشداربن بۆ ئەوەی یەکگرتنی میللەتی کورد ببینن.

کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.

لەکاردانەوەی رووداوەکەشدا، لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و شارە گەورەکانی ئەوروپا، خۆپیشاندان بۆسەرکۆنەکردنی هێرشەکانی سوپای پاسداران ئەنجامدران.