بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە تەوەرێکی گفتوگۆکانی رەئیسی و  ئەردۆغان دەبێت

دیداری رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئیبراهیم رەئیسی - ئەرشیف
دیداری رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئیبراهیم رەئیسی - ئەرشیف

K24 – هەولێر

دوای دووجار دواخرانی سەردانەکەی، بڕیارە ئەمڕۆ ئیبراهیم رەیسی سەرۆک کۆماری ئێران بە یاوەری شاندێکی باڵای سیاسیی و ئابوور بچێتە تورکیا و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا پرسی بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە و شەڕی غەززە لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتۆگۆکانیان بێت.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، ئەجێندای سەرەکی دیداری رەئیسی و ئەردۆغان جگە لە پەیوەندییە ئابوورییەکان و شەڕی دژی پەکەکەیە، پرسی شەڕی حەماس و سوپای ئیسرائیل، تەوەری گرنگی گفتوگۆکانیان دەبێت.

میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، لەم سەردانەی سەرۆک کۆماری ئێراندا، ئەنقەرە داوا لە تاران دەکات هەنگاوی هاوبەش و جددی بنێت دژی پەکەکە، بەو پێیەی بەشێک بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە خاکی ئێراندان.

لە پەیوەندییە ئابوورییەکانیش هەردوو وڵات هەوڵدەدەن زیاتر پەرە بە بازرگانی نێوانیان بدەن و ئاستی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانیان بگەیەننە 30 ملیار دۆلار، بۆ ئەمەش میدیای فەرمی ئێران بڵاویکردووەتەوە، کە شەڕی ئیسرائیل و حەماس کاریگەرییەکی باشی هەبووە بۆ ئەوەی ئاڵۆڕی بازرگانی تورکیا و ئیسرائیل بە رێژەی 50% کەم بێتەوە، ئەمەش لەبەرژەوەندیی بازرگانی ئێران دەبێت لەگەڵ تورکیا.

هەروەها ئێران چاوی لەوەیە گرێبەستی هەناردەکردنی غازی شل بۆ تورکیا بۆ 25 ساڵی دیکە درێژ بکاتەوە.

لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران دواخرا، لە 3ی ئەم مانگەش بەهۆی تەقینەوەکانی کرمان لە یادی کوژرانی قاسم سولەیمانی، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 300 کەس کوژران و برینداربوون، سەردانەکەی ئیبراهیم رەئسی بۆ ئەنقەرە جارێکە دواخرایەوە.