خۆپیشاندەرێک لە شێخان: پەیامی ئێمە ئاشتییە و مرۆڤایەتییە

24 - هەولێر

هاووڵاتییانی شێخان هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر ئیدانە و شەرمەزار دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2024، خۆپیشاندەرێکی شێخان بە کوردستان24ـی راگەیاند، پەیامی ئێمە ئاشتییە و مرۆڤایەتییە، ئێمە بەوان دەڵێین ئێوە دڕندەن، مرۆڤ و منداڵی سڤیل دەکوژن، گوتیشی: "ئێمە مرۆڤین، وەکو هەموو پێکهاتەی ئێزیدی و مەسیحی و موسلمان ئەمڕۆ هەموومان ئامادەین لەم خۆپیشاندانەدا دژی ئێرانی دڕندە".

خۆپیشاندەرەکە دەشڵێت: "ئێمە بە هەموو چین و توێژێکەوە بە گەورە و بچووک ئیدانەی  هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێری پایتەختی کوردستان دەکەین، ئیدانەی ئەو هێرشییە تیرۆرستییەی ئێران دەکەین و هەموو جیهانیش دەزانێت کە ئێران تیرۆرستە، داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین ئەو هێرشانە بۆسەر خاک و نیشتمانمان دووبارە نەبێتەوە".

ئەو خۆپیشاندەرە راشیگەیاند: بەهەموو دونیا رادەگەیەنین ئەگەر ئێمەی میللەتی کورد ئەمڕۆ نەبینە دەوڵەت، سبەی هەر دەبینە دەوڵەت و سەردەکەوین بەسەرهەموو دوژمنی کورددا".

کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.

لەکاردانەوەی رووداوەکەشدا، لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و شارە گەورەکانی ئەوروپا، خۆپیشاندان بۆسەرکۆنەکردنی هێرشەکانی سوپای پاسداران ئەنجامدران.