قائیمقامی شێخان: گەلی کورد بەردەوام رووبەڕووی پلانی نەیاران بووەتەوە

سەردار یەحیا، قائیمقامی قەزای شێخان
سەردار یەحیا، قائیمقامی قەزای شێخان

K24 - هەولێر

قائیمقامی قەزای شێخان دەڵێت، ئێران دەیەوێت لە رێگەی هێرشی مووشەکییەوە ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە تێکبدات. ئاماژە بەوەش دەکات، "گەلی کورد بەردەوام رووبەڕووی پلانی نەیاران بووەتەوە".

ئەمڕۆ چوارشەممە، 24-01-2024، سەردار یەحیا، قائیمقامی قەزای شێخان لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی بەرفراوانی خەڵکی قەزاکە و دەوروبەری لە دژی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر، رایگەیاند، "مێژوو سەلماندوویەتی، هێندەی دوژمن زیاتر دژایەتی گەلی کوردی کردبێت، ئێمە بەهێزتر هەستاوینەتەوە و بەردەوام رووبەڕووی پلانەکانیان بووینەتەوە".

سەردار یەحیا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە خەڵکی شێخانی گوت، "نەیارەکانمان دەیانەوێت لە رێگەی هێرشی مووشەکییەوە ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە تێکبدەن و رێگەبگرن لە بەرەوپێشچوونی بەردەوامی هەرێمی کوردستان".

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 24-01-2024، خۆپیشاندانی بەرفراوانی هاووڵاتی و چین و توێژەکانی قەزای شێخان و دوروبەری بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەستیپێکرد. ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەی چەند رۆژی رابردووشدا، خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکە بەڕێوەچوو.

نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دەزەیین.

رۆژی یەکشەممە، 21-01-2024، لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمانی عێراق کە لە ژمارەیەک ئەندامی هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگریی و پەیوەندییەکانی دەرەوە پێکهاتبوون، گەیشتە هەرێمی کوردستان. دواتر بە یاوەری رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەییان کرد. ئامانجی سەردانەکە، لێکۆڵینەوە بوو لەو هێرشەی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرایە سەر ماڵەکە.

عەباس زاملی، سەرۆکی لیژنەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا و، لە وەڵامی نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، "ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی بە چەند مووشەکێک کراوەتە ئامانج کە پێمانوایە مووشەکی بالیستین و زیانی زۆریان بە شوێنەکە گەیاندووە". گوتیشی، "ماڵەکە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بووە و هیچ ئاماژەیەک نییە کە بنکەیەکی سیخوڕی بووبێت".