خۆپیشاندەرانی شێخان: هەرێمی کوردستان هێلانەی ئارامی و سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە

خۆپیشاندانی ئەمڕۆی هاووڵاتییانی شێخان لە دژی هێرشەکەی سەر هەولێر
خۆپیشاندانی ئەمڕۆی هاووڵاتییانی شێخان لە دژی هێرشەکەی سەر هەولێر

K24 - هەولێر

هاووڵاتییانی شێخان و دەوروبەری بە خۆپیشاندانێکی بەرفراوان ناڕەزایەتیی خۆیان لە دژی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر دەربڕی. ئەوان دەڵێن، "هەرێمی کوردستان هێلانەی ئارامی و سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئێران دەیەوێت لە رێگەی هێرشی مووشەکییەوە لەناوی ببات". 

هاووڵاتییەکی شێخان کە بەشداریی خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی کرد، بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەمڕۆ دەنگی هەموو خەڵکی شێخان یەک بوو. هەموو چین و توێژەکان بە یەکەوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە مووشەکییە تیرۆریستییەیان کرد کە لەلایەن ئێرانەوە کرایە سەر هەولێر و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهیدبوون".

هاووڵاتییەکی دیکەش ئاماژەی بەوە کرد، "هەرێمی کوردستان بووەتە هێلانەی ئارامی و سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، بووەتە جێگەی متمانەی وڵاتان و نێردە دیپلۆماسییەکان. نەیارانمان دەیانەوێت لەرێگەی ئەو هێرشە ترسنۆکانەوە ئەم ئارامی و سەقامگیرییە نەهێڵن".

بە گوتەی خۆپیشاندەرێکی دیکەش، ئێران و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە "چاویان بە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان هەڵنایەت. لە رێگەی بۆردوومانکردنی سەرمایەدار و بازرگانەکان، دەیانەوێت رێگە لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان بگرن، بەڵام با باش بزانن خەیاڵیان خاوە و ئێمە بەردەوام دەبین".

لەلایەکی دیکەوە هاووڵاتییەک پەیامێکی ئاراستەی "ئێران و نەیارانمان"ـی کرد و گوتی، "با ئێران و وڵاتانی دیکە کە بەردەوام دژایەتیمان دەکەن، باش بزانن تاوەکو سەرۆک بارزانی و ئاڵای کوردستان مابن، ئێمە نە لە هێرشی مووشەکی و نە لە فڕۆکە و بۆردوومانەکان ناترسین. گەلی کورد رۆژانی زۆر سەختری تێپەڕاندووە، کورد هەر ماوە و بەردەوام نەیارەکانمان لەنێوچوون".

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 24-01-2024، خۆپیشاندانی بەرفراوانی هاووڵاتی و چین و توێژەکانی قەزای شێخان و دوروبەری بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەستیپێکرد. ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەی چەند رۆژی رابردووشدا، خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکە بەڕێوەچوو.

نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دەزەیین.

رۆژی یەکشەممە، 21-01-2024، لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمانی عێراق کە لە ژمارەیەک ئەندامی هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگریی و پەیوەندییەکانی دەرەوە پێکهاتبوون، گەیشتە هەرێمی کوردستان. دواتر بە یاوەری رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەییان کرد. ئامانجی سەردانەکە، لێکۆڵینەوە بوو لەو هێرشەی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرایە سەر ماڵەکە.

عەباس زاملی، سەرۆکی لیژنەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا و، لە وەڵامی نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، "ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی بە چەند مووشەکێک کراوەتە ئامانج کە پێمانوایە مووشەکی بالیستین و زیانی زۆریان بە شوێنەکە گەیاندووە". گوتیشی، "ماڵەکە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بووە و هیچ ئاماژەیەک نییە کە بنکەیەکی سیخوڕی بووبێت".