کارۆخ خۆشناو: ئەمەریکا رایگەیاندبوو ئەگەر حکومەتی عێراق نەتوانێت ئەو گرووپانە کۆنتڕۆڵ بکات ئەوە خۆی ئەم کارە دەکات

K24 - هەولێر

شەوی رابردوو، ئەمەریکا سێ پێگەی حزبوڵڵای عێراقی لە بابل و ئەنبار بۆردومانکرد، کە بووە هۆی کوژرانی چەکدارێک و برینداربوونی سیکەسی دیکە.

کارۆخ خۆشناو، شرۆڤەکاری سیاسی و شارەزا لە کاروباری ئەمەریکا بە کوردستان24ـی راگەیاند، گرووپە چەکدارەکانی عێراق لەیاسا دەرچوون، هەروەها محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق نەیتوانیووە کۆنتڕۆڵیان بکات، بۆیە ئەمەریکا پیشووتر رایگەیاندبوو ئەگەر حکومەتی عێراق نەتوانێت ئەو گرووپانە کۆنتڕۆڵ بکات و ئەمن و ئاسایشی کونسوڵخانە و دامەزراوەکانیان بپارێزێت، ئەوە خۆی دێتە سەرخەت و ئەم کارە دەکات.

خۆشناو گوتیشی: کە لە 20ـی ئەم مانگە حزبوڵڵای عێراقی هێرشی مووشەکی کردە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار کە بووە هۆی برینداربوونی چەند سەربازێکی ئەمەریکی، هاوکات ئەنجامدانی هێرشەکەی شەوی رابردووی ئەمەریکا لە وەڵامی ئەو هێرشەی ئەواندا بووە، کە ئەمەریکا بە ئاشکرا گوتی: جۆو بایدن کە فەرماندەی گشتی هێزەکانی ئەمەریکایە فەرمانی بە لوید ئۆستن وەزیری بەرگری کردووە، کاردانەوەی توند بنوێنن بەرامبەر ئەو گرووپە لەیاسا دەرچووانەی عێراق.

باسی لەوەشکرد، حکومەتی عێراقی لەکۆنتڕۆڵکردنی ئەو گرووپانە شکستی خواردووە و نەیتوانیووە بیانخاتە نێو سیستەمی بەرگری عێراقی، دەشڵێت: ئەو گرووپانە لەلایەک خۆیان بە بەشێک لە حەشدی شەعبی دەزانن لەلایەکی دیکەش بەشێکیان خۆیان لەناو مقاوەمەی ئیسلامی دەبیننەوە کە دژی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکان لە عێراق. بۆیە ئەوەی ئەوانە دەکەن خۆی شکاندنی سەروەری عێراقە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەریکا لەسەر داوای حکومەتی عێراق هاتووە، هەروەها رێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ عێراق هەیە، هەر وەکو ئەلینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق گوتی: "ئێمە میوانی عێراقین".

کارۆخ خۆشناو، دەشڵێت: ئەمەریکا لەژێر گوشارێکی توند دایە، بەتایبەت کە ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە 5-11-2024 بەڕێوەدەچێت، هەروەها ئیدارەی بایدن، نایەوێت سەقامگیری ناوچەکە زیاتر تێک بچێت.

جەختیشیکردەوە، ئەو گروپانە ئامانجیان کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمەریکایە نەک هەر لە عێراق بەڵکو لە هەموو ناوچەکە بەگشتی، وە بەهیچ شێوەیەک رێی تێناچێت ئەمەریکا ئەو ناوچەیە چۆڵ بکات، چونکە باڵا دەستی ئەو گرووپانە مەترسی هەیە لەسەر بەرژەوەندی ئەمەریکا، هەروەها مەترسیان لەسەر ئاسایشی ئەمەریکا هەیە.