خۆپیشاندەرانی گەرمیان: ئێران بانگەشەی موسڵمانێتی دەکات کەچی منداڵ شەهید دەکات

خۆپیشاندانەکەی خەڵکی گەرمیان لە دژی هێرشەکەی سەر هەولێر
خۆپیشاندانەکەی خەڵکی گەرمیان لە دژی هێرشەکەی سەر هەولێر

K24 - هەولێر

هاووڵاتییانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە خۆپیشاندانێکی فراوان ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەربڕی. ئەوان دەڵێن، هێرشەکەی ئێران "تیرۆریستی" بوو و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 24-01-2024، خۆپیشاندانی بەرفراوانی هاووڵاتییانی شاری کەلار بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر دەستیپێکرد کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهیدبوون و ژمارەیەک هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.

مەلا ئارام تاڵەبانی، لە خۆپیشاندانە بەرفراوانەکەی گەرمیان دژی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر بەشداریکرد و رایگەیاند، "ئێمە وەک گەلی کورد بەتایبەت لە گەرمیان، پەیامی کوردایەتی و نیشتیمان پەروەری و  دۆستایەتیمان بۆ دراوسێکان بەشێک بووە لە کاری هەریەکێک لە تاکەکانی کورد ئەوسەرکردانەی کە شۆڕشیان کردووە".

مەلا ئارام تاڵەبانی گوتیشی: "هەر پێغەمبەرێک کە خوای گەورە ناردوویەتی، لەسەر زمانی ئەو شەڕ و کوشتن و فەسادی قەدەغە کردووە و بە ستەمی ناسیووە، جا کە هەرکەسێک بانگەشەی موسڵمانێتی بکات چۆن ئەو ستەمە گەورەیە دەکات، بەتایبەت کوشتنی منداڵێکی ساوا کە هیچ شتێکی لەسەر واجب نییە".

 

لەلایەکی دیکەوە هاووڵاتییەک گوتی، هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر، "ستەمێکی گەورەیە بەرامبەر گەلی کورد. هەولێر لە ساڵی 2020ەوە رووبەڕووی دەیان هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەتەوە. ئەمە جێگەی نیگەرانی هەموومانە. هەموو کەسێک دەزانێت، ئەو هێرشانە نە پیاوەتی و نەهەیبەتی تێدایە، بەڵکو شەرمەزارییە و هێرشێکی ترسنۆکانەیە".

خۆپیشاندەرێکی دیکەی کەلار جەختی کردەوە، "گەلی کوردستان هەمیشە سەری بڵندە و هەرگیز سەری بۆ دوژمن و نەیارانی نەچەماندووە و ناچەمێنێت. سەرکەوتن بۆ کوردستان، شەرمەزاری بۆ دوژمنان".

خۆپیشاندەرێکی دیکەش ئەوەی خستەڕوو: "ئێمە ئیدانەی ئەو هێرشییە تیرۆرستییەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێری پایتەخت دەکەین. هەموو جیهان دەزانێت ئێران تیرۆرستە، بۆیە داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین ئەو هێرشانە بۆسەر خاک و نیشتمانمان دووبارە نەبێتەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 24-01-2024، خۆپیشاندانی بەرفراوانی هاووڵاتی و چین و توێژەکانی قەزای شێخان و دوروبەریشی بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەستیپێکرد. لە ماوەی چەند رۆژی رابردووشدا، خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکە بەڕێوەچوو.

هاووڵاتییەکی دیکەی بەشداربووی خۆپیشاندانەکە ئەوەی خستەڕوو، "هەموو جیهان دەزانێت ئەو بەڵگانەی ئێران بڵاویکردوونەتەوە لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر دروستکراون و نرخێکیان نییە. ئەو هێرشە مووشەکییەی هەولێری کردە ئامانج هیچ پاساوێک هەڵناگرێت".

نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دەزەیین.

رۆژی یەکشەممە، 21-01-2024، لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمانی عێراق کە لە ژمارەیەک ئەندامی هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگریی و پەیوەندییەکانی دەرەوە پێکهاتبوون، گەیشتە هەرێمی کوردستان. دواتر بە یاوەری رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەییان کرد. ئامانجی سەردانەکە، لێکۆڵینەوە بوو لەو هێرشەی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرایە سەر ماڵەکە.

عەباس زاملی، سەرۆکی لیژنەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا و، لە وەڵامی نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، "ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی بە چەند مووشەکێک کراوەتە ئامانج کە پێمانوایە مووشەکی بالیستین و زیانی زۆریان بە شوێنەکە گەیاندووە". گوتیشی، "ماڵەکە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بووە و هیچ ئاماژەیەک نییە کە بنکەیەکی سیخوڕی بووبێت".