شڤان پەروەر: هەرچەند بۆمبمان بەسەردا ببارێن هەرگیز سەری خۆمان نەوی ناکەین

K24-هەولێر:

هونەرمەند شڤان پەروەر سەرکۆنەی هێرشی مووشەکی بێپاساوی سوپای پاسدارانی ئێران دەکات بۆ سەر شاری هەولێر کە هاووڵاتیانی سڤیل و بێتاوانی بە ئامانج گرتووە، شڤان پەروەر دەڵێت، ئەوەی ئێران کردوویەتی، زوڵمە و هیچ کوردێک نابێت ئەوە قەبوڵ بکات، چونکە پێچەوانەی هەموو بەهایەکی ئایینی و مرۆڤایەتییە، دەبێ هەموو کوردێک ئەو زوڵمە رەت بکاتەوە.

ئەمڕۆ چاورشەممە(24ی کانوونی دووەمی 2024)، هونەرمەند شڤان پەروەر لەبارەی هێرشی مووشەکە بالیستیە بێپاساوەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر، بە کوردستان24 ی گوت : ئەو هێرشەکەی ئێران کردوویەتی هیچ قەبوڵ ناکرێ، کارێکی نا مرۆڤییە، خودا قەبوڵی ناکات، هیچ ئاینێک قەبوڵی ناکات، یاسای مرۆڤایەتیش قەبوڵی ناکات.

شڤان پەروەر دەڵێت: ئەوان مافی ئەوان نییە مافی کورد داگیر بکەن، هیچ ویژدان و بەزەییەک و مرۆڤایەتیەکیان نییە تۆزەک رێز لە میللەتی کورد بگرن، گوتی: ئێمە میللەتێکی گەورەین، ئێمەیان پارچە پارچە کرد، لەنێو ئەو پارچانەشدا، لە شار و گەڕەک و ماڵمان، بۆمبمان بەسەردا دەبارێنن، ئەوە نا هەقییەکی زۆر گەورەیە کەسێک نییە ئەو ناهەقییە قەبوڵ بکات.

پەروەر داوای لە میللەتی کورد کرد یەک هێز بن و چالاک بن، ئەو ناهەقییە قەبوڵ نەکەن، چی دەبێت با ببێت، چی بەسەرماندا دێت با بێت، بەڵام هەرگیز سەری خۆمان نەوی ناکەین، بووەستن و خۆڕاگر بن بەرامبەر بە زوڵم و زۆرداری، دەڵێت: ئێمە پێشێلی مافی هیچ کەسێکمان نەکردووە، ئەوان هەمیشە بە جۆرەها شێواز پێشێلی مافی ئێمەیان کردووە ، منداڵی ئێمە دەکوژن و شارەکانمان بۆردومان دەکەن، مافی ئەوەیان نییە ئەوە لەگەڵ میللەتی کورد بکەن، ئەگەر ئەوان باوەڕیان بە خودای گەورە هەیە، با لە خودای گەورە بترسن.