ئەمەریکا لە پەیوەندی بازرگانی نێوان تورکیا و ئێران نیگەرانە

ئاڵای تورکیا و ئێران
ئاڵای تورکیا و ئێران

K24 – هەولێر:

تورکیا و ئێران دەیانەوێت پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکەیان بدەن، بەڵام ئەمەریکا تێبینی لەسەر ئەم پەیوەندییە هەیە، پێشتر چەندین بانک و کۆمپانیای تورکی لەلایەن گەنجینەی ئەمەریکاوە سزادراون، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئاسانکارییان بۆ حکومەتەکەی تاران کردووە بۆ دەربازبوون لە سزاکان.

بۆ بەشداری لە هەشتەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای هاوکاریی تورکیا و ئێران، ئیبراهیم رەئیسی، سەرککۆماری ئێران لەسەر بانگهێشتی هاوتا تورکییەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی ئەنقەرەی کرد. بەهۆی ئێرانەوە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و تورکیا چەند جارێک درزی تێکەوتەوە، ئەمەریکا چەندین سزای بەسەر بەشێک لە بانک و دامەزراوەکانی تورکیا سەپەندووە.

هەروەها بەشێک لە سزا و گەمارۆکانیش بەهۆی هاوکاریکردنی چەند دامەزراوەیەکی تورکیا بووە بۆ تاران، کە بە گوێرەی بەرپرسانی ئەمەریکا هاوکارییەکان بەشداربووە لە کەمبوونەوەی کاریگەری سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، ساڵی 2019، ئەمەریکا هالکبانكی تورکیای تۆمەتبار کرد بە پێشێلکردنی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، بە تۆمەتی سپیکردنەوەی داهاتی نەوت  و گازی ئێران، کە بە گوێرەی وەزارەتی دادی ئەمەریکا هالکبانک شێوازی جۆراوجۆی بەکارهێناوە بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان، لەوانە گۆڕینی سەرچاوەی داهاتی نەوت بۆ زێڕ دواتر پارەی کاش و خۆراک.

لە کاتێکدا، دادگای باڵای ئەمەریکا تاوتوێی دۆسیەی بانکەکەی سەبارەت بە پێشێلکردنی گەمارۆکانی سەر ئێرانی کردووە و یەکێک لە دۆسییەکانی کە لە مانگی سێی 2020 لە دژی تۆمارکرابوو دواجار دۆسیەی ئۆوێنز هەڵوەشایەوە، بەڵام هێشتا دۆسییەکانی دیکەی دژی بانکەکە بەردەوامە.

هاوکات رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا چەندین جار ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی بانکەکەی کراون رەتیکردووەتەوە و رایگەیاندووە، "تورکیا سزاکانی ئەمەریکای بۆسەر پێشێل نەکردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا تورکیا و ئێران خەریکی پەرەپێدانی پەیوەندیی بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوانیانن".

هەر چەندە بە بە گوێرەی ئامارەکانی تورکیا، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیا و ئێران لە یانزە مانگی ساڵی 2023 بە بەراورد بە هەمان ماوەی 2022 بە 13% دابەزیووە، ئاڵوگۆری بازرگانی نێوانیان بە  5 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، بەڵام هەردوو وڵاتەکە لە پلانیاندایە قەبارەی ئاڵوگۆری ساڵانەی نێوانیان بەرزبکەنەوە بۆ 30 ملیار دۆلار.

هەروەها ئاشکرا نییە، کە هەشتەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای هاوکاریی تورکیا و ئێران، پەیوەندی بازرگانی و ئابووری لەگەڵ ئێران فراوانتر دەکات، یاخود تەنیا سەردان و بەشداریکردنێکی ئاسایی ئێرانە. بەڵام ئەوەی روونە ئەوەیە کە رەنگە نیگەرانییەکانی ئەمەریکا لە پەیوەندیی تاران و ئەنقەرە زیاتر بن.