ساسان عەونی: کار بۆ بەبازاڕکردنی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەکەین

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، شاندێکی حکومەتی هەرێم، بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی جیهان، هەروەها بۆ بەبازاڕکردنی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە پێشانگای ساڵانەی گەشتوگوزاری مەدرید بەشدارە.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، ئامانجی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەشدایکردن لە پێشانگای ساڵانەی گەشتوگوزاری مەدرید، کە گەورەترین پێشانگای گەشتوگوزارە لە جیهان، بایەخدانە بە کەرتی گەشتوگوزار.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو پێشانگایە بەشدارە، ئەویش بایەخی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو کەرتە گرنگە نیشان دەدات، ئەویش بە مەبەستی ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و پەیداکردنی شارەزای زیاتر، هەروەها مارکێتینگکردن بۆ گەشتوگوزاری کوردستان و ناساندی بە کۆمپانیا گەورەکانی وڵاتان.

ساسان عەونی، دەڵێت: زیاتر لە 150 وڵات بەشداریان لەو پێشانگایە کردووە، کە مەزەندە دەکرێت زیاتر لە 200 هەزار کەس سەردانی ئەو پێشانگایە بکەن.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، گوتیشی: شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەبەستێتی لەم پێشانگایە دەرفەتەکانی گەشتوگوزاری هەرێم بنێسانێت بە کۆمپانیاکانی ئەم 150 وڵاتەی کە بەشدارییان کردووە، ئەویش لە رێگەی ئەو فیلمە ڤیدیۆ و ئەلبوومە وێنانەی شوێنە گەشتیاریی، ئایینی و کولتوورییەکانی کوردستان کە ئامادەیان کردووە.

ساسان عەونی، باسی لەوەشکرد، بەشداریکردنمان لەو پێشانگایە ئەمساڵ بۆ یەکەمجار بەشدارییەکی سەرکەوتوو بوو، هەروەها دەبێتە ئەزموونێکی باشیش بۆ ساڵی داهاتوو کە بە شێوەیەکی باشتر و بەرنامەڕێژتر کاری لەسەر بکەین.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، بەشداریمان لە پێشانگای گەشتوگوزار لە مەدرید کاریگەری لەسەر بووژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان دەبێت، ئەویش لە رێگەی راکێشانی سەرنجی گەشتیاری زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان و هەروەها هێنانی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ هەرێمەکەمان بۆ ئەوەی لەو سێکەتەرە وەبەرهێنان بکەن.