وەزیری دارایی و ئابووری سەردانی پارێزگای سلێمانی ده‌كات و تیمەکانی پڕۆژەی هەژماری من بەسەر ده‌كاته‌وه‌

وەزیری دارایی و ئابووری سەردانی پارێزگای سلێمانی کرد و تیمەکانی پڕۆژەی هەژماری من بەسەر ده‌كاته‌وه‌
وەزیری دارایی و ئابووری سەردانی پارێزگای سلێمانی کرد و تیمەکانی پڕۆژەی هەژماری من بەسەر ده‌كاته‌وه‌

K24 - هەولێر:

وەزیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سەردانی پارێزگای سلێمانی کرد و تیمەکانی پڕۆژەی (هەژماری من)ـی بەسەرکردەوە.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 24ـی كانوونی دووه‌می 2024)  ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سەردانی پارێزگای سلێمانی کرد و تیمەکانی پرۆژەی (هەژماری من)ـی بەسەرکردەوە و رایگەیاند، بەتەواوبونی ئەو پڕۆژەیە فەرمانبەران و مووچەخۆران لە چەندین خزمەتگوزاری دارایی و بانکی سوودمەند دەب.

وەزیری دارایی لەلایەن هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی پێشوازی لێکرا و لە دیدارێکدا باسی لە گرنگی و بایەخی پرۆژەی (هەژماری من) کرد کە پرۆژەیەکی ستراتیژی گرنگە و لەلایەن تیمێک لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابوورییه‌وه‌ ئەنجام دەدرێت.

وەزیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، پڕۆژەی (هاژماری من) پڕۆژەیەکی گرنگ و پێویستی ئەم قۆناغەیە و بەتەواوبوونیشی کێشەی کاش و نەبوونی سیولە بە تەواوی چارەسەر دەبێت و لەلایەن بانکە تایبەتەکانەوە چەندین خزمەتگوزاری وەک پێدانی قەرز و سلفە پێشکەش بەفەرمانبەران دەکرێت، هاوكات فەرمانبەر دەتوانێت پرۆسەی حەواڵە و کڕینی کاڵا بە شێوەی ئەلیکترۆنی و راکێشانی پارە لە وڵاتان و چەندین کارئاسانی دیكه‌ لە رێگه‌ی کارتی هەژماری منەوە ئەنجام بدات.

دواتر وەزیری دارایی لەگەڵ تیمی پڕۆژەی (هەژماری من) سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەری بانکەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان.

ئاوات جەناب نووری گرنگی و بایەخی پڕۆژه‌كه‌ی بۆ ئامادەبووان روون کردەوە و رایگەیاند، پڕۆژەکە هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ ئاییندەی هەرێمی کوردستان و داوای لێ کردن بە هەموو توانایانەوە کار بۆ سەرخستنی بکەن تا بتوانرێت بەر لەو وادەیەی بۆی دانراوە کارەکان تەواو بکرێت.