دژی هێرشەكانی ئێران بۆسه‌رهه‌ولێر لە گه‌رمیان خۆپیشاندانێكی فراوان به‌ڕێوه‌چوو

kurdistan24.net

K24 – گه‌رمیان:

گەرمیانییەکان دژی هێرشی موشەکی بالیستی ئێران بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، خۆپیشاندانیەکی فراوانییان ئەنجامدا و سەركۆنەی هێرشەكانیان كرد.

گەنجەكانی کوردستان بەکوڕان و کچانەوە کە پێشتر نەیارانی کورد گرەوی ئەوەیان لەسەردەکردن، هیچ ئینتمایەکی نیشتیمانیان بۆ کوردستان نەماوە، ئێستا ئەوان رێکخەری خۆپێشاندانەكانن، ژنان و کچانیش بەشێکی زۆریان لە خۆپێشاندەرانی گەرمیان پێكھێناوە ، و بەیەك دەنگ هەموو دەستدرێژی و هێرشێك بۆسەر سەروەری کوردستان رەتدەکەنەوە

گەرمیانیەکان بەگردبونەوەو خۆپێشاندانی فراوانیان. بۆپشتیوان و هاوخەمی بۆ هەولێری پایتەختی کوردستان ئەو پەیامەیان نارد  کە دوژمنان هەرگیز ناتوانن دووبەرەکی و جیاوازی لەنێوان هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەتەواوی پێکهاتەکانیەوە دروست بکەن.

نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دەزەیین.

رۆژی یەکشەممە، 21-01-2024، لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمانی عێراق کە لە ژمارەیەک ئەندامی هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگریی و پەیوەندییەکانی دەرەوە پێکهاتبوون، گەیشتە هەرێمی کوردستان. دواتر بە یاوەری رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەییان کرد. ئامانجی سەردانەکە، لێکۆڵینەوە بوو لەو هێرشەی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرایە سەر ماڵەکە.

عەباس زاملی، سەرۆکی لیژنەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا و، لە وەڵامی نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، "ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی بە چەند مووشەکێک کراوەتە ئامانج کە پێمانوایە مووشەکی بالیستین و زیانی زۆریان بە شوێنەکە گەیاندووە". گوتیشی، "ماڵەکە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بووە و هیچ ئاماژەیەک نییە کە بنکەیەکی سیخوڕی بووبێت".