شێخان بۆردومانەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر شەرمەزار دەکات

K24-شێخان:

وەک تەواوی شارو شارۆچکەکانی کوردستان و، کوردستانیانی تاراوگە و دەرەوەی وڵات، دانیشتوانی شێخان هێرشە بێپاساوەکەی ئێران بە مووشەکی بالیستی بۆ سەر هەولێر و بە ئامانجگرتنی هاووڵاتیانی سڤیل، شەرمەزار دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە(24ی کانوونی دووەمی 2024)، دژی هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆ سەر شاری هەولێر و شەهیدکردنی هاووڵاتیانی سڤیل، هاووڵاتیانی شێخان رژانە سەر شەقامەکان و هێرشە بێپاساوەکەی ئێرانیان شەرمەزار کرد.

خۆ نیشاندەران بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و گوتنەوەی سلۆدانی مووشەک و هێرشەکان ئیرادەی کورد ناشکێنن، بۆ ناحەزانی کوردستانیان سەلماند، هەمیشە بە یەکگرتوویی و یەکدەنگیان، بەسەر دوژمن و نەیاراندا سەردەکەون و کوردستانیش هەر ئاوەدان و گەشتر دەبێت.

یەکێ لە خۆنیشاندەران بە کوردستان24 ی گوت: مووشەک و هێرش ئیرادەی کورد ناشکێنن، خۆ نیشاندەرێکی دیکەش گوتی: ئێمە بەیەکەوە، لەژێر ئاڵای کوردستان، بەسەر دووبەرەکی و ململانێی سیاسیی و حزبی ناوخۆییدا سەرکەوتین.

هێرشە پڕ لە غەدرەکەی کرایە سەر هەولێر، هەموو پێکهاتە و نەتەوە و ئایینەکانی لە ژێر ئاڵای کوردستان کۆ کردەوە، هەموو بەیەک دەنگ هێرشە بێپاساوەکەی ئێرانیان شەمەزار کرد.

نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دەزەیین.

رۆژی یەکشەممە، 21-01-2024، لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمانی عێراق کە لە ژمارەیەک ئەندامی هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگریی و پەیوەندییەکانی دەرەوە پێکهاتبوون، گەیشتە هەرێمی کوردستان. دواتر بە یاوەری رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەییان کرد. ئامانجی سەردانەکە، لێکۆڵینەوە بوو لەو هێرشەی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرایە سەر ماڵەکە.

عەباس زاملی، سەرۆکی لیژنەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا و، لە وەڵامی نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، "ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی بە چەند مووشەکێک کراوەتە ئامانج کە پێمانوایە مووشەکی بالیستین و زیانی زۆریان بە شوێنەکە گەیاندووە". گوتیشی، "ماڵەکە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بووە و هیچ ئاماژەیەک نییە کە بنکەیەکی سیخوڕی بووبێت".