جۆن كێربی: دوو باڵەخانە و بنكەیەكی هەواڵگری میلیشیاكانمان لە عێراق لەناوبردوون

جۆن كێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكا
جۆن كێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكا

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكا لەبارەی هێرشەكانی سوپای وڵاتەكەی بۆسەر میلیشیاكان دەڵێت، هێرشەكان بەوردی ئامانجەكانیان پێكاوە و كاریگەرییان هەبووە، هێرشەكانیش لەتۆڵەی ئەو زنجیرە هێرشانەیە کە میلیشیاكان لە سووریا و عێراق دەیانكەنە سەر هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان.

ئەمڕۆ چوارشەممە (24ـی کانوونی دووەمی 2024) جۆن كێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە وەڵامی راستەوخۆی ئەو زنجیرە هێرشانەی دەكرێنە سەر هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا لەناویشیاندا هێرشەكەی كۆتایی هەفتەی سەر بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد، سوپای ئەمریكا لە عێراق، هێرشیكردە سەر بارەگا و بنكەكانی كەتائیب حزبووڵڵا و گرقوپەكانی دیكە كە سەربە ئێرانن.

باسی لەوەشکرد، بەگوێرەی راپۆرتە بەراییەكان ئاماژەبەوە دەكرێت هەر سێ ئامانجەكە پێكراوەكە كاریگەری باشیان هەبووە، دوو بارەگای و بنكەیەكی هەواڵگری میلیشیاكان لەناوبراون.

گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكا، گوتیشی: دەمەوێت جەخت لەوە بكەمەوە، ئەم هێرشانە وەك بەرگریكردن لە هێزەكانمان ئەنجامدراون و لە وەڵامی ئەو هێرشانەن لە عێراق دەكرێنە سەر هێزەكانمان.

هەروەها هەر ئەمڕۆ ڤێدانت پاتێل، جێگری گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، سێ باره‌گای میلیشیاكانیان له‌ عێراق كردووه‌ته‌ ئامانج.

روونیشیكرده‌وه‌، به‌ ئامانجگرتنی ئه‌و سێ باره‌گایه‌ی میلیشیا عێراقییه‌كان له‌ وه‌ڵامی هێرشه‌كانیان بووه‌ بۆ سه‌ر هێزه‌كانیان له‌ عێراق و سووریا.

شه‌وی 23ـی كانوونی دووه‌می 2024، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و لە تۆڵەی زنجیرەک هێرش بۆ سەر هێزەکانیان لە عێراق و ناوچەکە؛ هێزەکانیان سێ بنکەی سەر بە گرووپی کەتائیب حیزبوڵڵا کە "لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت" لەنێو عێراق بۆردوومان کردووە.