بۆرێڵ: ئۆکرانیا پێویستی بە مووشەکی دوور مەودایە

کۆمیساریای باڵای کاروباری دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەورووپا
کۆمیساریای باڵای کاروباری دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەورووپا

K24 - هەولێر

کۆمیساریای باڵای کاروباری دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، ئۆکرانیا پێویستی بە چەکی مۆدێرن و سیستەمی هەڵدانی مووشەکی دوور مەودایە.

رۆژنامەیەکی ئیتاڵی بڵاوی کردووەتەوە کە جۆزێپ بۆرێڵ، کۆمیساریای باڵای کاروباری دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەورووپا بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، پێویستە شێوازی پشتیوانیکردن ئۆکرانیا بگۆڕین لەسەر بنەمای "بەپێی پێویست"، ئۆکرانیا هەموو شتێکی هەیە بۆ سەرکەوتن.

بۆرێل دەڵێت: "ئێمە لە هەندێک کاتدا زۆر بە هێواشی مامەڵەمان لەگەڵ ئۆکرانیا کردووە، ئەویش بە دابینکردنی چەکی سەرەتایی بۆ ئۆکرانیا. پێویستە چەکی مۆدێرنی بۆ دابین بکەین، لەوانەش مووشەکی دوور مەودا و چەکی پێشکەوتووی دیکە، بۆ ئەوەی وڵاتەکەی بە زووترین کات ئازاد بکات.

راشیگەیاند، بێگومان ئەمە بە هاوکاری و بوژانەوەی پیشەسازی بەرگری ئەوروپا دەبێت، ئاماژەی بەوەشکرد، دڵنیایە لەوەی "سەرکەوتنی ئۆکرانیا باشترین گەرەنتی ئاسایشە لە ئەوروپا".

یەکێتیی ئەورووپا لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی، تەقەمەنی و چەکی بە بەهای 30 ملیار یۆرۆ بۆ کیێڤ دابین کردووە و نزیکەی 40 هەزار سەربازی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیایان مەشق پێکردووە.

مۆسکۆ پێشتر یاداشتێکی سەبارەت بە دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا بۆ وڵاتانی ناتۆ ناردبوو و سەرکردایەتی رووسیاش رایگەیاند کە وڵاتانی رۆژئاوا نزیکن لە بەشداریکردنی راستەوخۆی ململانێی ئۆکرانیا.