ئەمەریکا زانیاریی تەواوی لەسەر ژمارەی هاووڵاتییە رفێندراوەکانی لە غەززە نییە

ڤێدانت پاتێل، جێگری گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا

K24 - هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەخت لە پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل و کارمەندانی نەتەوەیەکگرتووەکان لەکەرتی غەززە دەکاتەوەو راشیگەیاند، هەموو کارێک دەکەن بۆ رزگارکردنی ئەو هاووڵاتییە ئەمەریکیانەی لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە بارمتە گیراون.

ڤێدانت پاتێل جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، زانیارییان سەبارەت بەرووداوەکەی خان یونسی کەرتی غەززە هەیە، پێشتر و ئێستاش لەسەرجەم ئاستەکان جەخت لە پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی سڤیل و کارمەندانی ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت.

پاتێل راشیگەیاند، نابێت بنکەکانی سەر بەنەتەوەیەکگرتووەکان بکرێنە ئامانج، چونکە ئەوان سەرقاڵی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانن بەو کەسانەی لە غەززە ئاوارە بوون.

دەربارەی چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە ئەمەریکیانەی لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە لە حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو رفێنراون، ئاماژەیداوە، تائێسا ژمارەیان بە تەواوی نازانرێت، بەڵام هەموو کارێک بۆ گەڕاندنەوەیان دەکەن، بۆ ئازادکردنیشیان لەگەڵ حکومەتی ئیسرائیل لە هەوڵی بەردەوام دان.

رۆژی شەممە، 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، بزووتنەوەی حەماس لە چەند قۆڵێکەوە هێرشی کردە ناوخاکی ئیسرائیل، بەگوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی ئیسرائیل، لەو هێرشەدا زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژران و زیاتر لە 240 هاووڵاتیی ئیسرائیلیشیان بارمتە گرت، دوای ئاگربەستێکی کاتیی و یەک هەفتەیی، کە ئاگربەستی مرۆیی ناونرا لەبەرامبەر ئازادکردنی زیاتر لە 100 بارمتە، سوپای ئیسرائیل رێگەی بە گەیاندنی بەشێک لە هاووکاریی مرۆیی بۆ کەرتی غەززەدا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی کانوونی دووەمی 2024، شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل پێدەنێتە 111 یەمین رۆژ و بە گوێرەی دوا ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، لە هێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیل، زیاتر لە 25 هەزار 700 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون و زیاتر لە 63 هەزار و 740 کەسی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵ.