"یو ئێن دی پی" لەسەر گەندەڵییەکانی رێکخراوەکە لە عێراق وەڵامی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی دەداتەوە

K24 - هەولێر

گوتەبێژی فەرمی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە وەڵامی راپۆرتێکی ئەم دواییەی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی رایگەیاند، ئێمە هەموو تۆمەتەکان بە جددی وەردەگرین و بە خێرایی لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکەین، ئێمە رێوشوێنی توند و گونجاو دەگرینەبەر ئەگەر هەریەکێک لەم تۆمەتانە بسەلمێنرێت.

گوتەبێژەکەی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتیشی:UNDP  بەهیچ شێوەیەک لێبووردنی بۆ ساختەکاری و گەندەڵی نییە، ئەمەش هەموو کارمەندانی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و کارمەندانی دەرەوەی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و دابینکەران و هاوبەشە جێبەجێکارەکان و لایەنە بەرپرسیارەکان دەگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەڵام لێنەبووردن بەو مانایە نییە کە هیچ مەترسییەک نەبێت، دەشڵێت: بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان شەفاف بووە لەگەڵ بەخشەران و هاوبەشەکان و خەڵک، سەبارەت بەو مەترسی و ئاڵنگارییانەی کە لە دوای چەندین ساڵ لە ململانێ لە عێراقدا هاتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

گوتەبێژەکەی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوەشکرد، هەر تۆمەتێکی بەرتیل، گەندەڵی یان ساختەکاری بە شێوەیەکی گشتگیر هەڵدەسەنگێندرێت و لە شوێنی گونجاودا لەلایەن فەرمانگەی سەربەخۆی وردبینی و لێکۆڵینەوەکانی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.

جەختیشیکردەوە، سەبارەت بە بەرنامەی سەقامگیری بۆ ناوچە ئازادکراوەکان، بە پشتبەستن بە ئاڵۆزیی بەرنامەکە و پانتایی فراوانی کارەکانی، بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ناوەندێکی تایبەت بە خزمەتگوزاری ئۆپەراسیۆنەکان بۆ بەرنامەی سەقامگیرکردنی ناوچە ئازادکراوەکان لە ساڵی 2015 بۆ بەڕێوەبردنی پرسە ئاڵۆزەکان و کارپێکردن دامەزراندووە، لەوانەش پێشکەشکردنی وردبینی و چاودێری پێویست.

لە ساڵی 2015ەوە تیمێکی تایبەت هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون چاودێری ئەنجامی بەرنامەی سەقامگیری بۆ ناوچە ئازادکراوەکان دەکات، پشتڕاستکردنەوەی راستەوخۆی پڕۆژەکان ئەنجام دەدات، هەروەها پشتگیری لە تیمەکانی چاودێری لایەنی سێیەم دەکات، لەنێو ئەرکەکانی تردا.

گوتەبێژەکە راشیگەیاند، لێکۆڵەرێک هەیە لە فەرمانگەی وردبینی و لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی تایبەت بە چاودێریکردنی ئەم پڕۆژەیە، کە بەرپرسیارە لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە هەموو تۆمەتەکانی بەرنامەی هەمەلایەنەی سەقامگیری بۆ ناوچە ئازادکراوەکان.

لە ساڵی 2019 تاوەکو 2022 وردبینی پڕۆژەکان کراوە، ئەم وردبینییانە بریتی بوون لە پڕۆژە بە بەهای زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری ئەمەریکی لە تەرخانکردنی دارایی کە بۆ پڕۆژەکانی بەرنامەی سەقامگیری تەرخانکرابوو بۆ ناوچە ئازادکراوەکان.

هەروەها فەرمانگەی سەربەخۆی وردبینی و لێکۆڵینەوەکان لە ساڵی 2023دا بە شێوەیەکی گشتگیر وردبینی لە کارەکانی ئۆفیسی وڵاتەکان کردووە.

روونیشیکردەوە، سەرجەم وردبینیەکانی فەرمانگەی سەربەخۆی وردبینی و لێکۆڵینەوە لە ماڵپەڕەکەیدا بۆ سەرجەم هاووڵاتیان بەردەستە.

گوتیشی: ئێمە لە بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان ئیرادەی بەردەوامی خۆمان بۆ گرتنەبەری رێوشوێن لەبارەی حاڵەتەکانی پێشێلکارییەوە دەردەبڕین، لەمبارەیەوە، فەرمانگەی سەربەخۆی وردبینی، لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا، مامەڵەی لەگەڵ زیاتر لە 130 حاڵەتی پەیوەست بە کاری بەرنامەی سەقامگیری بۆ ناوچە ئازادکراوەکان کردووە.

بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان پێشوازی لە هەموو ئەو کەسانە دەکات کە دەیانەوێت بە وردی پڕۆژە و بەرنامەکانمان بپشکنن و وەک دامەزراوەیەکی گشتی، ئێمە ئەرکمان لەسەر شانە کە لەگەڵ هاوبەشەکانمان و هاووڵاتیان و میدیاکانمان لێپرسینەوە بکەین.

جارێکی تر پابەندی خۆمان دەردەبڕین بە پابەندبوونی بەهێزمان بۆ پاڵپشتیکردنی ژیانی ملیۆنان کەس لە عێراق و پاراستنی متمانەی هەموو ئەو کەسانەی لەگەڵمان کاردەکەن.

نزیکەی 8.3 ملیۆن کەس لە رێگەی تەواوکردنی زیاتر لە سێ هەزار و 600  پڕۆژە، دەتوانن خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بەدەستبهێنن، کە ئاوەدانکراونەتەوە یان نۆژەنکراونەتەوە، لەوانە قوتابخانە، نەخۆشخانە، تۆڕەکانی ئاو و کارەبا، خانووبەرە و رێگاوبان.

رۆژی 22ـی کانوونی دووەمی 2024، رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی راپۆرتێکی لەسەر گەندەڵی فەرمانبەرانی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاو کردەوە، کە گوایە فەرمانبەرەکان بەرتیل لە بازرگانان وەردەگرن.