وەزیری ناوخۆی عێراق: پۆلیسی فیدراڵی بەرپرسیارێتیی ئەمنی ناوەندی کەرکووک دەگرێتەدەست

K24 - هەولێر

وەزیری ناوخۆی عێراق دەڵێت، لە داهاتوودا پۆلیسی فیدراڵی بەرپرسیارێتی ئەمنی ناوەندی پارێزگای کەرکووک و قەزای حەویجە دەگرێتەدەست.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25-01-2024، عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق سەردانی پارێزگای کەرکووکی کرد و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لە قۆناغی داهاتوو بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی فیدراڵی و وەزارەتی ناوخۆی بەرپرسیارێتی ناو شاری کەرکووک و قەزای حەویجە دەگرنەدەست".

وەزیری ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک رێککەوتین لەسەر تەواوکردنی پرۆژەکانی تایبەت بە دانانی کامێراکانی چاودێری لەناوەندی کەرکووک".

وەزیری ناوخۆی عێراق  لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد، لە داهاتوودا گرنگیی زیاتر بە بازگەکانی پارێزگای کەرکووک و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەدەن و ئامێری زیاتری سۆنەرییان بۆ دابیندەکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە لە دواى هێرشی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ سەر کەرکووک لە رۆژی 16ـی ئۆکتۆبەرى 2017، سوپاى عێراق بەرپرسیارێتىی دۆسیەى ئەمنى ناوەندی پارێزگای کەرکووکى گرتووەتە دەست.

هاوکات بەگوێرەى کارنامەى حکومەتەکەى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق، دەبێت پرۆسەى گواستنەوەى دەسەڵاتى ئەمنى لە کەرکووک جێبەجێ بکرێت و هێزێکى پۆلیس لە پێکهاتەکانى شارەکە دروستبکرێت.