بایدن داوای بە پەلە پەسەندکردنی فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف 16 بە تورکیا دەکات

K24 – هەولێر

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا نامەیەکی ئاراستەی کۆنگرێسی وڵاتەکەی کردووە و داوا دەکات بەزووترین کات فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-16 بە تورکیا پەسەند بکەن و چیتر پرۆسەکە دوانەخرێت.

بایدن لە نامەکەیدا جیا لە کۆنگرێس، کۆمپانیای لۆکهید مارتنیشی ئاگادارکردووەتەوە بۆ ئەوەی هەنگاوەکانی پێدانی فڕۆکەی جەنگی ئێف 16 بە تورکیا دەست پێبکات، ئەمەش بەرامبەرە بە رازی بوونی تورکیا لە پەسەندکردنی ئەندامێتی سوید لە هاوپەیمانی ناتۆ.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز، کە لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکی بڵاویکردووەتەوە، بایدن لە نامەکەیدا داوای لە کۆماریی و دیموکراتەکانی کۆنگرێس و بە تایبەتیش لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێس کردووە هەرچی زووە گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆکەکان بە تورکیا پەسەند بکەن، کە بەهای گرێبەستەکە 20 ملیار دۆلارە، کە فرۆشتن و پارچەی یەدەگ و نۆژەنکردنەوە لە خۆدەگرێت.

هەروەها ڤێدانت پاتێل جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرایکردووە، هەڵوێستی ئەمەریکا و سەرۆک بایدن روونە، ئامانج ئەوەیە تورکیا وەک هاوپەیمانێکی ناتۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی یەکانگیربن لەگەڵ هاوپەیمانییەکە.

ئەم نامەیەی بایدنیش بۆ کۆنگرێس لەکاتێکدایە، رۆژی سێشەممە 23ی ئەم مانگە، پەرلەمانی تورکیا بە 287 دەنگی بەڵێ ئەندامییەتی سویدی لە هاوپەیمانی ناتۆ پەسەند کرد.