رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران: سوودان رووبەڕووی گەورەترین قەیرانی ئاوارەیی بووەتەوە

K24 - هەولێر

رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران رایگەیاند، شەڕی سوودان "گەورەترین قەیرانی ئاوارەیی دروستکردووە، کە ژمارەی ئاوارەکان لە 10 ملیۆن کەس نزیکبووەتەوە، هەروەها زیاتر لە دوو ملیۆن منداڵ دابەشکراون بەسەر زیاتر لە حەوت هەزار شوێنی ئاوارەیی ناوەوەی وڵاتەکە"، ئەمەش دوای پۆلێنکردنی روانگەی ئەمەریکی دێت بۆ قەیرانی سوودان.

رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران (IOM) لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا بەناوی "بەدواداچوونی ئاوارە" بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە،  "ژمارەی ئاوارەکان لە سوودان تا کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو لە 10 ملیۆن کەس نزیک بووەتەوە".

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، نزیکەی دوو ملیۆن خێزان ئاوارەی ناوخۆ بوونە، کە لە حەوت هەزار و 211  شوێنی وڵاتدا دەژین، لە نێویاندا دوو ملیۆن و 199 هەزار و 478 منداڵی تەمەن خوار پێنج ساڵی تێدایە.

راپۆرتی کۆچی نێودەوڵەتی پێشبینی دەکات نائاسایشی خۆراک لە سوودان خراپتر بێت، داوای کرد دەستێوەردانی بەپەلە، بە چاندنی بەرهەمی زستانە بکرێت، هەروەها بەرزکردنەوەی توانای کۆمەڵگا بۆ بەرگەگرتن بەرزبکەنەوە و داوای دابینکردنی پاڵپشتی نەختینەیی بۆ ئاوارەکانیش دەکات.

رێکخراوەکە هۆشداری داوە لە لەدەستدانی ئایندەی پەروەردەیی ملیۆنان منداڵ لە سوودان، هەروەها رایگەیاندووە، ملیۆنان منداڵ لە سوودان بەهۆی ململانێکانەوە لە مافی خوێندن بێبەش بوون، داوای هەوڵی پێویستی بەپەلە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و پاراستنیان لە توندوتیژی و دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتنیان بە خوێندن.

رێکخراوەکە داوای جوڵەی بەپەلەی کردووە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان، تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی بەردەوامی نایاسایشی، ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێداویستییە بەپەلەکانی دانیشتووان پێویستی بە دەستڕاگەیشتنێکی دەستبەجێ و بێ بەربەست بە یارمەتییە مرۆییەکان هەیە."

لە راپۆرتێکی روانگەی ئەمەریکی کە دووشەممەی ڕابردوو دەرچووە هاتووە، سوودان لە 10 خراپترین قەیرانە توندوتیژییەکانی جیهاندایە، ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی ئەوە دەکات شەڕی ئەو وڵاتە بەردەوام بێت و بەم زووانە کۆتایی نەیەت، بەهۆی کۆنترۆڵکردنی خەرتوم و دارفورەوە لە لایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا، و نەبوونی هەوڵی دیپلۆماسی جددی بۆ پاڵنانی ئەو دوو لایەنە بۆ ئاگربەست.