بارسێلۆنا مەترسییەکی گەورەی لەسەرە

دۆڕانی بارسێلۆنا بەرامبەر بلباو لە جامی شا
دۆڕانی بارسێلۆنا بەرامبەر بلباو لە جامی شا

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی مەترسییەکی گەورەی لەسەرە و ئەگەر هەیە نەتوانێت بەشداری لە جامی سوپەری ئیسپانیای 2025 بکات.

بارسێلۆنا لە چارەکی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا رووبەڕووی ئاتلێتیک بلباو بووەوە و یارییەکەشی بە ئەنجامێکی گەورە بە چوار گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ دۆڕاند و ماڵئاوایی کرد.

بە چوونەدەرەوەی لە جامی شای ئیسپانیا، یانەی بارسێلۆنا یەکێک لە رێگەکانی گەیشتنی بە جامی سوپەری ئیسپانیای ساڵی داهاتوو لەدەست دا.

یانە کەتەلۆنییەکە تەنیا رێگەیەکی لەبەردەم ماوە بۆ ئەوەی لە جامی سوپەری داهاتوو بێبەش نەبێت، ئەمیش بە بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا، یان بەدەستهێنانی پلەی دووەمی خولەکە، کە رەنگە لەسەر بارسێلۆنا سەخت بێت، بەوپێیەی رکابەرییەکی بەهێز لەم وەرزەی لالیگا هەیە و بارسێلۆنا بە 44 خاڵ لە خانەی سێیەم دەبیندرێت، بارسا بە جیاوازی هەشت خاڵ لە جیرۆنای پێشەنگ دوورە و بە جیاوازی حەوت خاڵیش لەدوای ریاڵ مەدریدی دووەم دەبینرێت.