پارێزگاری دھۆك: چارەسەریی كێشەكانی نێوان توركیا و پەكەكە لە ھەرێمی كوردستان نییە

عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆك
عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆك

K24 - هەولێر

پارێزگاری دھۆك رایدەگەیەنێت، چارەسەریی كێشەكانی نێوان توركیا و پەكەكە لە ھەرێمی كوردستان نییە و با کێشەی خۆیان ببەنە ئەو شوێنەی لێیانەوە هاتوون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25-01-2024، عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆك لەبارەی بەردەوامی شەڕی نێوان حکومەتی تورکیا و پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان؛ بە کوردستان24ـی راگەیاند، چارەسەریی كێشەكانی نێوان توركیا و پەكەكە لە ھەرێمی كوردستان نییە و با کێشەی خۆیان ببەنە ئەو شوێنەی لێیانەوە هاتوون.

پارێزگاری دهۆک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا داوای لە حکومەتی تورکیا و پەکەکەی کرد ماڵ و پاوانی خەڵكی ھەرێمی كوردستان نەكەن بە گۆڕەپانی ململانێكانیان، چونکە وەکو خۆی گوتی، "ئەم شەڕە، شەڕی ئێمە نییە، گۆڕەپانی شەڕ دیارە. تکا دەکەین با خەڵکی ئێمە نەکەنە قوربانی ململانێکانیان".

ئەمە لە کاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، 24-01-2024، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا گوتی، "بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم کوردستانیان لە سەرانسەری جیهان رووندەکەینەوە، چەکدارانی سەر بە پەکەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ رێکەوتی 24/1/2024، بە دەیان کیلومەتر دوور لە سنووری تورکیا لە دەڤەری ئامێدی، بەبێ رێزگرتن لە دامودەزگا فەرمی و دەستوریییەکانی هەرێمی کوردستان، زێدەڕۆییان بۆ سەر بازگەیەکی هێزەکانی زێرەڤانی کردووە و دواتر بە مووشەک هێرشیانکردووه‌ته‌ سەر هەمان بازگە و هێزەکانی پێشمەرگەی زێرەڤانیش لە پێگەکانی خۆیانەوە بەرگرییان لە خۆیان کردووە".

وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی‌ به‌وه‌شكردبوو‌، "ئەم هەوڵەی چەکدارانی پەکەکە لە چوارچێوەی ئەو هێرش و کردارە تێکدەرانەیە، بە مەبەستی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم ئەنجام دەدرێت و بە داخەوە ئەوان بوونەتە بەشێک لە پیلانە ناوچەییەکان دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان".