مەسرور بارزانی: ئامانجمانە ئەمساڵ یەک ملیۆن هاووڵاتی دەستیان بە خزمەتگوزاریی بانکی بگات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئامانجیانە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ یەک ملیۆن هاووڵاتی دەستیان بە خزمەتگوزاریی بانکی بگات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25-01-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو)، رایگەیاند، "ئامانجمان ئەوەیە تا کۆتایی 2024، یەک ملیۆن هاووڵاتی کوردستان دەستیان بە خزمەتگوزاریی بانکی بگات".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا نووسیویەتی: "بەڵێنەکانمان بەجێ دەگەیەنین".

 

 

رۆژی دووشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، قۆناغی یەکەمی کارەکانی پرۆژەی "هەژماری من" لە سنووری پارێزگای هەولێر لە قۆناغی کۆتاییدایە و لەماوەی چوار مانگی رابردوودا نزیکەی  190  هەزار فەرمانبەر لەسنووری پارێزگای هەولێر بەشدارییان لە پرۆژەی "هەژماری من" کردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، زیاتر لە شەش هەزار فەرمانبەر کارتی بانکیان لە رێی پرۆژەی "هەژماری من" وەرگرتووەتەوە، هەروەها مانگی رابردووش نزیکەی سێ هەزار فەرمانبەر لە رێی "هەژماری من" مووچەیان وەرگرتووە.

هەروەها لە ئێستادا نزیکەی 50 ئامێری راکێشانی پارە (ATM) لە شاری هەولێر هەن و ژمارەشیان لە زیادبووندایە، پێنج بانکی تایبەت بەشدارن لە پرۆسەکە کە بریتین لە؛ ئارتی بانک، جیهان، بانکی ئاشوور، بانکی ئەهلی عێراقی و  بانکی بیبی ئەی سی، کە سەرجەم مەرجەکانیان تێدایە و لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە پەسەندکراون و چەندین بانکی تریش لەسەر هێڵن.

وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئاماژەی بەوەشداوە، ئێستا پرۆژەی دروستکردنی "ھەژماری من" بەبێ هیچ کێشە و ئاستەنگێک بەڕێوەدەچێت و ئامادەکاریەکان بۆ دەستپێکردنی پرۆژەی "هەژماری من" لە پارێزگاکانی دهۆک و سلێمانی لە قۆناغی کۆتاییدایە.

پرۆژەی "هەژماری من" پرۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لەلایەن نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەهاوکاری وەزارەتی دارایی و ئابووری و بە رەزامەندی بانکی ناوەندی عێراق ئەنجام دەدرێت.

ئامانج لە پرۆژەکە بنیاتنانی سیستەمێکی بانکی بەهێزە کە فەرمانبەران و مووچەخۆران تیایدا لە چەندین خزمەتگوزاری دارایی و بانکی سوودمەند دەبن، لە قۆناغی داهاتووشدا کارمەندانی کەرتی تایبەت دەبنە خاوەنی "هەژماری من".